نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس، دواى رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا، ترسی سەرهەڵدانەوەى داعش لە عێراق هاتووەتەوە ئاراوە و ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا لە عێراق نەکشێتەوە.
ئاژانسى ئەسۆشییەیتد پرێسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکى عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، دواى رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا، ترسی سەرهەڵدانەوەى داعش لە عێراق هاتووەتەوە ئارا، بەرپرسانى عێراقییش بۆچوونیان گۆڕاوە سەبارەت بە پاشەکشەى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.
بەگوێرەى نەخشەیەک دەبوو لە مانگی ئەیلولى ئەمساڵدا، هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بکشێنەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکەش بێت، پێناچێت ئیدارەى نوێی کۆشکى سپی بکشێتەوە.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بە رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا کەمیکردووە و خەریکە دەست لەو گرووپانەش بەردەدات لە عێراقدا پێشتر پشتیوانى دەکردن.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى عێراق بەبێ ناوهێنان بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە "چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکان پێیان باشە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.
هەر پەیوەست بەوە بابەتەوە، یەکێکى دیکە لە بەرپرسە باڵاکان ئەو چوارچێوەیە وتویەتی "لەبەرژەوەندیی عێراقدا نییە لەم قۆناغەدا ئەمریکا بکشێتەوە، چونکە بۆشایی ئەمنیی گەورە دروست دەبێت و داعش دەیقۆزێتەوە و بەهێز دەبێتەوە، بۆیە بەدوور نازانرێت پێش هاتنى مانگی ئەیلول داوایان لێبکرێت بۆ ماوەیەکى دیکە لە عێراق بمێننەوە".