عێڕاق

وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەنگۆی جێهێشتنی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن تەیف سامی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە باسی لە جێهێشتنی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا دەکرێت لە لایە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکلاکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەیف سامی بەشداری سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەى کردووە کە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون، بەو پێیەی کۆبونەوەکان گفتوگۆی بەرفراوانیان لەخۆگرتووە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە کە مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان زامن بکات، بەگوێرەی ئەو کۆنتڕۆڵە یاسایی و داراییانەی کە کاری پێدەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لەگەڵ شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن، و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی هەرێم هەروەها ستافی پێشکەوتووی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سامی دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی وردبینی و پشتڕاستکردنەوەی ڕاستەوخۆی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانە و ئەنجامدانی هەموارکردنی پێویست بە خێرایی.

 جەختیشیکردووەتەوە، کە کارکردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکان بە سەرۆکایەتی وەزیر و لیژنە تەکنیکییەکان لە هەردوولاوە بەردەوامە لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەمەبەستی پشکنین و هاوتاکردنی داتای مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و گرێبەست و پاراستنی کۆمەڵایەتی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتەکە داوای لە "هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرچاوەکانی هەواڵ کردووە، وردبینی بکەنەوە و زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان وەربگرن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵە بەدوور بگرن کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕەزای ڕای گشتی.

2025-02-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.