عێڕاق

لە دوای کەوتنی ئەسەد سەرکردە عێراقیەکان داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن

نها نیوز – هەواڵەکان

هەرچەندە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتە ڕێککەوتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە، بەتایبەتی دوای فشاری زۆرێک لە کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بەڵام لە ئێستادا هەڵوێستەکان پێچەوانە بوونەتەوە.

ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، کەوتنی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا وای لە کوتلە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراقی دراوسێ کردوە، کە بە داواکاری خۆیاندا بچنەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو ئەو گروپانە "چوارچێوەی هەماهەنگیە"، ئەو هاوپەیمانییەی کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 هێنایە سەر دەسەڵات، هەڵوێستی خۆیان هەڵسەنگاندەوە، دوای ئەوەی ئەسەد لە هێرشێکی ڕەشەبادا لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە کەوتە خوارەوە.

هاوکات، کەوتنە کتوپڕەکەی سووریا، ئێرانی لە ناوچەکە لاواز کرد، ئەمەش وایکرد گروپەکانی هاوپەیمانی لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن.

لە ئێستادا چەند لایەنێکی عێراقی ترسیان لەوە هەیە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنییە بقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەی خۆی، لەکاتێکدا سەرکردە نوێیەکانی سووریا هێشتا سەرقاڵی چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆیانن بەسەر ئەو وڵاتە و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی.

یەکێک لە بەرپرسە ئاگادارەکانی عێراق بە ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"  وتووە: "زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا پشتیوانی بەردەوامی بوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە ئەنجامی ئەوەی لە سووریا ڕوویدا".
ڕوونیشیکردووەتەوە کە "ترسیان هەیە داعش ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە ئەگەر ئەمریکییەکان بڕۆن و دۆخی عێراق داڕمێت".

بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ حکومەتدا بەڕوونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە لە ئێستادا لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە داوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن.

جەختی لەوە شکردووەتەوەکە، ئەو دەنگە بەرزانەی پێشتر داوای ئەم کشانەوەیەیان دەکرد زۆر کەمبوونەتەوە. وتی: "پێشبینی ناکەم ئەمساڵ بکشێنەوە".

لەبەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، کە "لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی نافەرمی لە ئاستە بەرزەکاندا داوای دواخستنی کشانەوەکەیان کردووە".

ئەو بەرۆرسە دەڵێت، عێراقییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی داعش ئەو ئاژاوەگێڕییەی دوای ڕووخانی ئەسەد و ئەو کەڵەکە گەورەیەی چەک بەجێماو لەلایەن سوپای پێشووی سوریاوە دەقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە داعش بەم نزیکانە دەرناکەوێتەوە، بەڵام ڕەنگە بە ناو و پێکهاتەیەکی نوێ دەربکەوێت.

جێگای سەرنجە تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ لێدوانێکی ئاشکرای سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەرنەکردووە.

بەغدا و واشنتۆن ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاند، ڕێککەوتنێک کراوە بۆ کشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تا مانگی ئەیلولی 2025 کاردەکەن.

2025-02-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.