عێڕاق

شیعییەکان بەربەستەکانی ئەمریکا دەشكێنن‌و ژمارەو مووچەی حەشد سنور دەبەزێنێت

نها نیوز – هەواڵەکان

رۆژنامەی (العربی الجدید) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە زیادبون‌ و ژماره‌ و مووچە لەگەڵ بودجەى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بەرچاو زیادیكردووه‌، بۆ ئەو مەبەستە چاودێران‌ و پەرلەمانتارانیش سەرسوڕمانی خۆیان نیشانداوە لەو سنور شکانە و باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن، زیادبوونی بەردەوامی ژمارەیان، نیشانەی ئەوەیە نەک کار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکەیان ناکرێت، بەڵکو لایەنە شیعییەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی گەنجان لە ریزی ئەو هێزەدا.

سەجاد سالم، ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق سەبارەت بەزیادبونی هەزاران ئەندامی حەشدی شەعبی، سەرسوڕمانی خۆی پیشانداوە و لە راپۆرتێکدا بە رۆژنامەی (العربی الجدید) وتووە "ساڵی 2014 و لەسەروبەندی شەڕی داعشدا، ژمارەی خۆبەخشانی حەشدی شەعبی 60 هەزار کەس بووە، ساڵی 2021 ژمارەکە گەیشتە 100 هەزار و ساڵی 2023 ژمارەکەیان بە 236 هەزار چەکدار نوسراوە، ئەو 136 هەزار کەسە لەکوێوە و چۆن زیادبوون؟ بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە!".

ناوبراو کە خۆی وەکو پەرلەمانتاری سەربەخۆ ناساندووە، وتوشیەتی "بودجەی حەشدی شەعبی لە یەک ترلیۆن دینارەوە بۆ سێ ترلیۆن دینار زیادیکردووە، ئەوەش زیادبونێکی نائاسایی بودجەکەیانە".

هەروەها به‌گوێره‌ى ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی 2021 بودجەی حەشدی شەعبی بەدوو ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه‌، بەڵام ساڵی 2023 ژمارەکە زیادیکردووە بۆ دوو ملیار و 600 هەزار دۆلار.

ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لە حەشدی شەعبییەوە ئاشکرایکردووە "پارت ‌و لایەنە شیعەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی گەنجان لەڕیزی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێوەی گروپ، هەرجارە و لایەنی کەم دوو هه‌زار کەس دادەمەزرێنرێن، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی ئەمانە پێشتر گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە کەسی نوێ دادەمەزرێنن".

هەر بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەی نێو حەشد، بەشێکی ئەو کەسانە دەچنە ریزی هێزە چەکدارەکانەوە، کە 20% زیاترە بۆ کارکردن لە نوسینگە سیاسی‌ و راگەیاندنەکانی لایەنەکان بەکاردەهێنرێن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆریشیان وەک پاسەوانی بەرپرسانی شیعە کاردەکەن.

راشیگەیاندووە "دامەزراندن لە ریزی حەشدی شەعبی بەردەوامە و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەبەردەوامی کەسانی نوێ دامەزراون، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی پێشوتر چەند جارێک ئاگاداریکردوونەتەوە، کە لێشاوی دامەزراندن رابگرن، بەڵام لیوا و فەوجەکان گوێی پێنادەن ‌و بەردەوامن لە دامەزراندن لەڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا".

ساڵی 2020 مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی هاوتای سەربازانی سوپای عێراق کرا، بەجۆرێک، هەر چەکدارێک مانگانە بڕی یەک ملیۆن‌ و 250 هەزار دینار وەردەگرێت، سەرەڕای هەندێک دەرماڵەی دیکەی وەک نیشتەجێبون.

بەردەوام بەرپرسانی عێراق جەختدەکەنەوە، کە ئەو هێزە بەشێکه‌ لە سیستمی بەرگریی عێراق ‌و لەسەر بنەمای فەوج‌ و لیواکان هاوشێوەی سوپای عێراق رێکخراونەتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، حەشدی شەعبی بەسەر لایەنەکانی ناو شیعه‌دا دابەشبوون.

لەوبارەیەوە عەبدوڵا ڕکابی، توێژەرى کاروباری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، حەشدی شەعبی رۆڵێکی گرنگی بەرگریی ئەمنی بۆ عێراق ‌و ئاسایشی عێراقییەکان دەگێڕێت، بەڵام لەهەمانکاتدا "ناکرێت ئەوە قبوڵ بکرێت"، کە زیادە دامەزراندن بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر ئابووریی عێراق، بەتایبەتی کە دەوڵەت پارەی حەشدی شەعبی دابیندەکات‌ و لەناو حەشدی شەعبیش چەند لایەنێک هەن، کەلە هەندێک حاڵەتدا لەگەڵ بۆچونی حکومەت ناکۆکن‌ و شەرمەزاریشى دەکەن.
 
2025-01-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.