عێڕاق

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لێدان لە پەکەکە

نها نیوز – هەواڵەکان 

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕایگەیاندووە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بەنیازە سبەی یەکشەممە سەردانی عێراق بکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسان سەبارەت بە شەڕی دژی چەکدارە کوردەکان و پرسی ئەمنی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێیە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنەکانی ئەنقەرە دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە" کە بنکەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق ئەنجام داوە، ئاڵۆزی تێکەوتووە
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات باشتر بووە لەو کاتەوەی ساڵی ڕابردوو بەغدا پەکەکەی وەک "رێکخراوی قەدەغەکراو" دەستنیشانکرد و هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی ئەمنی لە ئاستی باڵا.

سەردانەکەی فیدان لەکاتێکدایە کە تورکیا چەندین جار داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، لە مانگی ڕابردوودا کردووە، ئەنقەرەش سوورە لەسەر ئەوەی هێرشی نوێ بکاتەوە ئەگەر چارەسەری نیگەرانییەکانی نەکرێت.

یەپەگە فراکسیۆنی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هاوپەیمانی ئەمریکایە. تورکیا ئەو هێزە بە تیرۆریست دەزانێت و وەک درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەیانبینێت، ڕۆژئاواش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، فیدان لەم سەردانەدا لەگەڵ عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فیدان جەخت لەسەر چاوەڕوانییەکانی ئەنقەرە لە عێراق دەکاتەوە سەبارەت بە پۆلێنکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دەرکردنی لە خاکی عێراق.

لە ئێستادا فیدان جەخت لەسەر پێویستیی کارکردنی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە "بەیەکەوە لەدژی هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت و زەمینە"، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بازرگانیش لە بەرنامەی کاردا دەبێت.

هاوکات فواد حسێن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "هێرشی تورکیا بۆ سەر شەڕڤانانی کورد لە باکووری سووریا مەترسی هەیە و کێشەی پەنابەران زیاتر دەکات".

لەو کاتەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەسەدی لادا، کوتلە کوردییەکان لە سووریا لە دۆخێکی سەختدا بوون. دانوستانکارانی ئەمریکا، تورکیا، دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر چارەنووسی ئەم گرووپە.

سەردانەکەی فیدان لە کاتێکدایە کە هەوڵێکی سیاسی ناوخۆیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.

2025-01-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.