نها نیوز – هەواڵەکان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکردووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستنی پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا و گرنگی هاودەنگی و چەسپاندنی سەروەری نیشتمانی کردەوە، ئەوەش دوای لێدوانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، "گەشەپێدان و ڕووداوەکان لەسەر گۆڕەپانی نیشتمانی و هەرێمی تاوتوێ کران، هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی بەرنامەی حکومەتەکەی بە شێوەیەک خرایەڕوو کە دڵنیابێت لە جێبەجێکردنی خواستەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری وڵاتدا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە "لەبارەی فایلی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان تاوتوێ کراوە، و باشترین ڕێگاکانی ڕێکخستنی پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور و ئەوەی پەسەند کراوە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان".
لە کۆتایدا هاتووە هەردوولا جەختیان لە "گرنگی هاودەنگی و هاوکاری هاوبەشی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیایەکان و لابردنی سەختییەکانی وڵات، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراقمان بەدیبهێنێت و ئامانجی دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری نیشتمان".
ئەمەش دوای ئەوە هات، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە هۆی قەیرانی مووچە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا هەڕەشەی "کشانەوە لە حکومەت لە بەغدا" کرد، هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێم، دوێنێ لە میانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە هەولێر ناڕازیبوونی خۆیانی ئاشکراکرد لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و مامەڵەکانی لەگەڵ هەولێر، کە دەڵێت بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات وەک پارێزگایەک نەک بە شێوەی فیدراڵی، ئەمە جگە لەوەی مامەڵەیەکی "نادادپەروەرانە"یە.