گۆڕانی کوردسات: دەست لەناو دەست ناکۆکییەکان وەلا بنێن بەشداری کۆنفرانسی سبەینێ بکەن
نها نیوز – هەواڵەکان
بزوتنەوەی گۆڕانی باڵی دانای ئەحمەد مەجید، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "ناکۆکییەکان وەلاوەنێن و هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و بە حەماسەوە ئەو مافە مەدەنییە سیاسییەتان پیادە بکەن و بەشداری کۆنفرانسی سبەینێ بکەن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە...
هاونیشتمانیانی بەڕێز ..
گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..
پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و کردنەوەی گرێ یاساییەکان، پاڵپشت بە فەرمان و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیار درا؛ رۆژی شەمە (26ـی 4ـی 2025) کاتژمێر (10)ی سەرلەبەیانی لە (هۆڵی ئاشتی) لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان، هاوکات ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی؛ کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان دەست بەکارەکانی دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە، بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات لە هەموو ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان (هیئة العامة لحرکة التغییر)دا هەیە، دەست لەناو دەست و قوەت لە خوای گەورە ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەکەمان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و بە حەماسەوە ئەو مافە مەدەنییە سیاسییەتان پیادە بکەن و بەشداری کۆنفرانس بکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان
25ـی 4ـی 2025
|