کوردستان

تورکیا یەک مەرج بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دادەنێت

نها نیوز – هەواڵەکان

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دوایین پێشهاتەکان سەبارەت بە هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گەشتەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشکرادەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی نیسانی، 2025، ماڵپەری "بغداد اليوم" لە هەواڵێکیدا ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەوەی کە هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و هەروەها هەبوونی بارەگا و دەزگای ڕاگەیاندنی لە پارێزگاکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا سەرەتای ئەم مانگە پەیامی ئاراستەی سەرکردایەتی یەکێتی کردووە و داوای داخستنی سەرجەم ئەو ڕێکخراو و بارەگای میدیاییانەی پەیوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردووە، وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، کە نزیکەی دوو ساڵە لە گەشتەکانی بۆ تورکیا وەستێنراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان تورکیا و ئەو حزبە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ بەردەوامە.

بغداد اليوم هێمای بۆ ئەوەش کردووە، ئەو بابەتە هێشتا لەژێر دانوستاندایە، لەکاتێکدا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە دوایین مەرجەکانی تورکیا دەرنەچووە.

تورکیا لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی سەپاند و دەسەڵاتدارانی پارێزگاکەی تۆمەتبارکرد بەوەی کە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دابین دەکەن، کە ئەنقەرە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزی بەردەوامی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە بنکەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن. ئەنقەرە بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هاوکاری ئەو حزبە دەکەن.

2025-04-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.