شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییە نوێکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەفتەی داهاتوو بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و بارانبارین و هەورە بروسکەش دەستپێدەکاتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی باکوری ئەفریقا و ھاتنی کەمێک شێ لە دەریای سوورەوە لەم ماوەیەدا کەشێکی گەرم لە ناوچەکانماندا دەستیپێکردووە لەگەل خۆڵبارین و بوونی ھەوری بەرز و کەمباران".
ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکان بەردەوامی دەبێت لە رۆژانی داھاتوودا و لە رۆژی شەممەوە 26ی نیسانی 2025 شێی زیاتر لە دەریای سوورەوە دەگاتە ناوچەکانی هەرێم و لەگەڵ بوونی بارستە ھەوایەکی ساردیش لە بەرگە ھەوای سەرەوەدا لەسەر ناوچەکانی دەریای ناوەراست و تورکیا، بەھۆیەوە ناسەقامگیرییەکی لاواز لە بەرگە ھەوای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دروستدەبێت و لە نیوەرۆی رۆژی شەممەوە ئەگەری چالاکبوونی با و ھەورە بروسکە و نمە باران لە ناوچە جیاجیاکاندا دەبێت و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بڕی باران و ھەورە بروسکە زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا.
ئاراس جەبار ڕوونیشیکردەوە، کاریگەری ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوھەوا تا رۆژی چوارشەممەی داھاتوو 30ی نیسان بەردەوامی دەبێت و ناوبەناو ھەورە بروسکە و بارانی کەم بۆ مامناوەند لە شوێن و کاتی جیاوازدا چالاک دەبێت و لە ھەندێ شوێنیشدا تاوە بارانەکان باش دەبن، بە تایبەت سنوری ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران.
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، بەدرێژای ئەو ماوەیە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نایەت تەنھا لە کاتی بارانبارین کەم نزمدەبنەوە و حاڵەتەکە بە گشتی لە بارستە ھەوایەکی گەرم و شێدار پێکھاتووە لە ئاستەکانی ڕووی زەوی و بەرگە ھەوای نزمدا لەبەر ئەوە کەشەکە گەرم و شێدار دەبێت، لەئاستەکانی بەرگە ھەوای سەرەوەشدا بارستە ھەوایەکی سارد ھەیە کاتێک ھەوای گەرم و شێداری خوارەوەی بەرگە ھەوا بەرزدەبێتەوە بۆ ھەوا ساردەکە چردەبێتەوە و ئەو ھەورە ناجێگیرانە دروستدەبێت کە ھەورە بروسکەیان لێ دروستدەبێت.
|