وادەی کۆتایی هاتنی خۆڵبارین لە عێراقەوە راگەیەندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
دوای ئەوەی شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی گرتەوە، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت "خۆڵبارین تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام دەبێت".
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لەبارەی بەردەوامی خۆڵبارین، بەمیدیا کوردییەکانی وتی "ئەمڕۆ لە هەرێم و ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق هەورە، لە هەندێک ناوچەی کوردستان ئەگەری نمەباران و هەورە برووسکە هەیە".
وتیشی "بۆ ئەمشەو بای (باشووری رۆژهەڵات) لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەڵدەکات، بەمەش بای (باکوور و باکووری رۆژئاوا) لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق چالاکە، ئەوەش خۆڵبارینی لێدەکەوێتەوە بەتایبەتی لە نەینەوا و ئەنبار".
سەبارەت بە وادەی کۆتایی هاتنەکەش جابری ئاشکرایکرد "خۆڵبارین تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام دەبێت".
ئەوەشی خستە روو، مەودای بینین بەهۆی خۆڵبارینەوە بۆ 1-2 کیلۆمەتر دادەبەزێت.
وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق داوا لە شۆفێران دەکات مەودای بینین زۆر کەم دەبێتەوە. وە هاوڵاتییانیش راستەوخۆ بەڕووی خۆڵبارین نەکەون.
|