دووشەممە - 19 مایس 2025 م
کوردستان

هەموو شتێک لەسەر رۆشتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ پیرمام ئاشکراکرا

نها نیوز – هەواڵەکان

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی نوسراوێکدا هەموو شتێک لەسەر رۆشتنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی  بۆ پیرمام ئاشکرادەکات.

لەتیف نێروەیی ئەندامی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی نوسراوێکدا ئاشکرایکرد "(بافڵ تاڵەبانی) هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە پرسی گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەكە و پلانی یەكێتی بۆ چۆنیەتی سود وەرگرتن لە دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا خستە بەردەم بەڕێز مەسرور بارزانی".

نوسیویشیەتی "سەرۆکی یەکێتی بەو سەردانە سەلماندی كە دەستی یەكێتی لەپێناو ئاشتی و دۆزی رەوای گەلی كوردستان زۆر درێژە، هاوشێوەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال".

نێروەیی ئاماژەی بەوەشدا، "میدیای زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە میدیای سێبەر و نافەرمی و بەشێك لە میدیای فەرمیان هەوڵیاندا رایگشتی لەسەر ئامانج و گرنگی ئەو سەردانە چەواشە بكەن و تەنانەت كەناڵێكی سەر بە پارتی رایگەیاند "بافڵ تاڵەبانی بۆ هەندێک داواكاری سەردانی پیرمامی كردووە!!" ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە جیهان قسە لەسەر گۆڕانكاری لە نەخشەی ناوچەكە دەكەن".

لەتیف نێروەیی بەم جۆرەیە گۆڕانکارییەکانی خستە روو:

ـ سوریا گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژئاوا پێویستی بە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان هەیە.

ـ پرسی ئاشتی لە توركیا بووەتە مژارێكی گرنگ و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەكات.

سەبارەت بە بەرهەمی سەردانەکەی سەرۆكی یەكێتی بۆ پیرمام، بەم شێوەیە لەتیف نێروەیی رایگەیاند:

ـ لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەكو یەك تیم هەڵوێستیان نواند و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێناوە.

ـ پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای مەكتەبی رێكخستنی خۆیان لە شاری كەركوك كردەوە و بەڕێز فازل میرانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە میدیای یەكێتی راگەیاند "ئیدارەی كەركوك پێویستی بە پشتیوانییەكی گەورە هەیە" ئەم هەڵوێستە نوێیەی بەرپرسێكی باڵای پارتی لەسەر ئیدارەی كەركوك دەرخەری ئەو راستیەیە، كە دۆزی كەركوك هەنگاو بەرەو قۆناغێكی باشتر دەنێت و ئەمەش بە دەستكەوتی سەردانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ پیرمام ئەژمار دەكرێت.

ـ چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لیستی هاوبەش هەبێت، ئەگەر لیستی هاوبەشیش نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوە بچێت.

ـ خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە میدیای لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی وا پیشان بدات كە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی رێکكەوتووە و هیچ بەڵێنێكی سەردەمی بانگەشەی جێبەجێ نەكردووە.

ـ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدوا دیداری تەلەفزیۆنیدا توانی ئەوەی ئەوان بە چوار مانگ خەونیان لەسەر هەڵچنیبوو بە چەند دێرێك پووچەڵبكاتەوە و بۆ هەمووانی روون بكاتەوە سەركردەی راستەقینە ئەوەیە بەرژەوەندی و داهاتووی نەتەوەكەی بخاتە سەروو بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە.

 
2025-04-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.