یەکشەممە - 11 مایس 2025 م
کوردستان

تورکیا و هەسەدە لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

نها نیوز - هەواڵەکان

رۆژنامەی وەتەنی سوری رایگەیاند، هەسەدە و تورکیا کۆبونەتەوە و لەسەر ئاگربەستی تەواوەتی رێککەوتون و تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت.

رۆژنامەی وەتەنی سوریی لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە (17ـی نیسانی 2025) بە چاودێریی ئەمەریکا، کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندێکی تورکیا لەنزیک بەنداوی تشرین ئەنجامدراوە و هەردوولا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتون.

بەوتەی سەرچاوەکە "شاندەکەی هەسەدە بە هەلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی چوونەتە شوێنی کۆبونەوەکە و شاندی تورکیاش بە ئۆتۆمبێل لە خاکی تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەیەکی نزیک بەنداوی تشرین و دوای کۆبونەوەیەکی نێوانیان هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەکە".

ئەوەش هاتووە لە رۆژنامەکە "بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ قۆناغی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا".

لەلایەکی دیکەوە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە "دوای کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کۆنیکۆی سنوری پارێزگای دێرەزور، بەشێکی ئەو هێزانە دەچنە بەنداوی تشرین و ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازیی لەنزیک بەنداوەکە دروست دەکات".

وتیشی "ئەمەریکا نیوەی کەرەستە سەربازیی و لۆجستییەکانی لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کۆنیکۆ کە دوو گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتەن لە سوریا کشاندوەتەوە بەرەو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەدادی باشوری حەسەکە، بەشێکی هێزەکە و چەک و تەقەمەنی لەو دوو بنکەیە ماونەتەوە تا فەرمانی دواتریان بۆ دێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی یان مانەوە".
2025-04-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.