کوردستان

شوێن و ناوەرۆکی دووهەمین دانوستی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت


نهانیوز-هەواڵەکان

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران زانیاری ورد لەبارەی ناوەرۆکی دووهەمین دانوستانی ئێران و ئەمریکا بڵاودەکاتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە دووهەمین دانوستان لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەدەچێت.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە دووهەمین کۆبوونەوەی دانوستانکارانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت.

جەختی لەوە کردەوە کە بەبێ گوێدانە شوێنی کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی عومان ئاسانکار و ناوبژیوانی وتووێژەکانە.

غەریب ئابادی بە ئاماژەدان بە لێدوان و ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە شوێنی دووهەمین دانوستانی ئێران و ئەمریکا وتی" نابێ ڕۆژان و سەعاتێک کات بۆ دیاریکردنی شوێنی دانوستانەکان بەفیڕۆ بدەین".

سه باره ت به کۆبوونه وه ی دووه م له ڕۆما، وتیشی" له خولی دووه مدا گرنگی به دیاریکردنی چوارچێوه و کارنامه ی دانوستانه کان ده دەین،  ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر بمانەوێت باس لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکەین، بەتایبەتی لە چوارچێوەی دروستکردنی متمانە بەم بەرنامەیە، هەروەها پرسی هەڵگرتنی گەمارۆکان بە شێوەیەک کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەرجەستە بێت، دەبێت ڕوون بێت کە چ کردارێک پێویستە بگیرێتەبەر، چ پرسێک پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بە تەواوی کام سزا پێویستە هەڵبگیرێت".

یەکەمین دیداری نێوان عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەممەی ڕابردوو لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە چوو.
2025-04-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.