نها نیوز - هەواڵەکان
پەرلەمانتارێكی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سێ هەنگاوی ماوە لای سێ بەرپرسی كورد لە بەغدا.
د. کاوە شێخ عەلی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان وتی "لە ئێستادا سێ هەنگاو گرنگە بۆ کەمکردنەوەی زیکە زیکی هەندێک کوتلەی شۆڤێنی لەسەر یاسای پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجە و سکاڵاکردنیان لە دادگای فیدراڵی لەلایەن سێ بەرپرسی باڵای کورد بەزووترین کات بنرێن".
وتیشی "جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق د. شاخەوان عەبدوڵا، پەلە بکات لە تەواوکردنی رێکارەکان لە پەرلەمان و راستەوخۆ و بەشەخسی و بەدەستی یاساکە ببات بۆ سەرۆک کۆمار بۆ پەسەندکردنی و چاوەڕێ نەکات".
ئەو پەرلەمانتارەی هەرێم دەشڵێت "سەرۆک کۆماری عێراق، د. لەتیف رەشید لەگەڵ گەیشتنی یاساکە پەسەندی بکات و ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکات و وەزیری دادی عێراق د. خالد شوانی، پەلە بکات لە بڵاوکردنەوەی لە وەقائعی عێراق".
بەوتەی د. کاوە شێخ عەلی "واز لەوە بێنین کێ کردی و کێ نەیکرد، هەنگاوی کرداری لە ئێستادا ئەم بەڕێزانە کە هەرسێکیان کوردن پێویستە بگرنە بەر تا کۆتایی، ئەو ئەرکە لەسەر شانیانە و پەلەکردن زۆر پێویستە و دۆخی عێراق ئەوە دەخوازێت هیچ فرسەتێک لە دەست نەچێت".
"سەرکەوتن خاوەنی زۆر دەبێت، بەڵام شکست هەمووی لەخۆی دوور دەخاتەوە". ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان وا دەڵێ