قوباد تاڵەبانی: هەوڵەکان بۆ ئەوەیە حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو پێکبهێندرێت
نها نیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە ڕایگەیاند، "گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات رێککەوتن بکرێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(15/4/2025) بەڕێوەچوو، لەبارەی دۆخی سwوریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە دواین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی روونیکردەوە گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات رێککەوتن بکرێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا. لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و حکومەتی هەرێم خوازیارە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا بەشدارییەکی گەورەتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمدا و بۆ ئەمەش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەکیان پێشکەش بکات.
|