نها نیوز – هەواڵەکان
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە، كارمەندانی پەرلەمانی ڕاسپاردووە لەماوەی ٤٨ كاتژمێردا یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئامادە بكەن و بەدەستی دەیدەن بە سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی پرۆژەكە زوو تەواو بێت، پرۆژەكەش ماوەی 30 ڕۆژی دەوێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەکێتی سەبارەت بە ڕێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و شارەكە لەڕووی ڕووبەری جوگرافی و بازنەی هەڵبژاردن و ئاوەدانكردنەوەی بەمیدیاکانی وت "قسەم لەگەڵ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە ئەویش كارمەندانی پەرلەمانی ڕاسپاردووە لەماوەی 48 كاتژمێردا یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی بەدەستی بیدات بە سەرۆك كۆمار، لەماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا دكتۆر لەتیف ڕەشید یاساكە واژۆ دەكات".
وتیشی "دواتر یاساكە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داد و لە كۆتاییدا لە ڕۆژنامەی وەقائع بڵاودەكرێتەوە، هەموو ڕێكارەكان لە مانگێك زیاتر تێناپەڕێت".
سەبارەت بەوەی ئەو یاسایە چی لە دۆخی شارەكە دەگۆڕێت چرۆ رایگەیاند "ئەگەر بمانەوێت هەڵەبجە لەپڕ وەك سلێمانی و هەولێری لێبێت ئەوە ڕوونادات، چونكە ئەوەی ئێستا هەڵەبجەی كردووەتە پارێزگا قوربانییەكانییەتی، دەبێت سەرەتا ئەو فەرمانگانەی سەر بە سلێمانین بیهێنینەوە سەر هەڵەبجە، ئەوەش چەند ڕێكارێكە لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "جاران داوای هەر شتێكمان بكردایە، دەیان وت، هەڵەبجە پارێزگا نییە، بەڵام ئێستا پارێزگایە و ئەركی ئێمە قورسترە، دەبێت جگە لەو %12ی پشكی هەرێم لە بودجە، هەوڵ بدەین بودجەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجە دابین بكەین، بۆ ئەوەی شارەكە بخرێتە سەر پێی خۆی، چونكە هەڵەبجە ژێرخانی ئابووری سفرە".
پەیوەست بەوەی ئەو شوێنانەی دەكەونە سەر پارێزگای هەڵەبجە کامانەن؟ ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد "هەریەكە لە شارەدێیكانی بیارە، بەمۆ و سیروان لەگەڵ شارۆچكەی خۆرماڵ دەكەونە سەر شارەكە".
چرۆ حەمەشەریف تایبەت بە دیاریكردنی بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە ئەوەشی خستە روو "سەد لە سەد لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانی عێراق ناتوانرێت بازنەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجە دابنرێت، چونكە یاسای هەڵبژاردنەكان شەش مانگی دەوێت تا هەمووار بكرێتەوە، هەروەها چوونەبواری جێبەجێكردنەوەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەش نزیكەی مانگێك دەخایەنێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە هەڵەبجە وەك هەڵبژاردنی ساڵی 2021بەشداری دەكات".