کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ هەموو دۆستایەتی و کارکردنێکی پێکەوەییە

نها نیوز – هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای رووسیا بە سەرۆکایەتیی میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد.

لە دیدارێکدا رەفعەت عەبدوڵا و د.هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی، لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70، پۆڵو شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگری پێشمەرگە ئامادەبوون دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولا لەسەر هەموو ئاستەکان کرایەوە لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردووە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان و هەماهەنگییەکان لەپێناو خزمەتکردن بە ئامانجە باڵا و هاوبەشەکان و رایگەیاند؛ یەکێتی لەگەڵ هەموو دۆستایەتی و کارکردنێکی پێکەوەییە کە خزمەت بە وڵاتەکەمان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات بۆ ئەوەش ئەو پەیوەندییەی سەرۆک مام جەلال بنیادیناوە دەمانەوێت لەهەموو رووەکانەوە گەشەی پێبدەین و بیخەینە زیاتر بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق بەتایبەت سووریا تاوتوێکرا و دووپات لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە کرایەوە بە شێوەیەک لە رێگای دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن و میکانیزمی نیشتمانی بگیرێتە بەر بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی مافی هەموولایەک بە تایبەت لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رێز لە ئیرادە و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بگیرێت و مافەکانی کورد بپارێزرێت و بەشێکی گرنگ بێت لە بنیادنانەوەی سووریای نوێدا.

سەرۆک بافڵ بۆ کۆی گۆڕانکاری و پرسەکان ستراتیژی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند؛ ویستی یەکێتی دیدگایەکی بەرپرسیارانە و دەربەستە بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و بوونی پەیوەندی هاوسەنگە لە نێوان هەموو جەمسەر و لایەنەکان تا بتوانین وڵاتەکەمان لە شەڕ و ناکۆکییەکان بپارێزین.

5کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.