کوردستان

بەرەی توركمانی: کەرکووک پارێزگایەکی عیراقییە و نابێت جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵایەكی دیکە بەرزبكرێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

لە دوای دانانی ئاڵای کوردستان لە بینای پارێزگا لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە بەرەی توركمانی دەڵێت "کەرکووک پارێزگایەکی عیراقییە و كەس بۆی نییە جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەكی دیکە بەرزبكاتەوە".

بەرەی تورکمانی یەکگرتووی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە نوسیویەتی: "لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە پارێزگای کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە لە هەردوو ڕووی یاسایی و ئیداریەوە ملکەچی حکومەتی فیدراڵییە، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەک لەوێ هەڵبکات بە هیچ بیانوو و پاساوێک".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دانانی ئاڵای هەرێم لەناو دیوانی پارێزگای کەرکووک، پێشێلکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری عێراق پێکدەهێنێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە "ئاماژە بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە لە دانیشتنی ژمارە (22)ـی ڕۆژی شەممە 4/1/2017 بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا دەنگدان لەسەر بڕیارێکی پەرلەمانی لێکەوتەوە کە ئەمانەی خوارەوەی تێدابوو: "بە پشتبەستن بە مادەی (143) لە دەستووری عێراق و یاسای (36)ی ساڵی 2008، بڕگەی (23)/پێنجەم، ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا ئاڵای عێراق تەنها لە قەزاکاندا هەڵبکرێت لە پارێزگای کەرکوک".

بەرەی تورکمانی ڕوونیکردووەتەوە، ئەوان ئەو پراکتیزە تاکلایەنانەی حکومەتی هۆتێل ڕەشید ڕەتدەکەنەوە و هۆشداری دەدەن لە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سیاسەتی تاک لایەنە کە پارێزگار بەرەو قەیرانی نوێ ڕادەکێشێت.

لە کۆتایدا ئاشکرایکردووە، کەرکووک وەک سیمبولی یەکڕیزی نیشتیمانی دەمێنێتەوە، هیچ ئیدارەیەکیش لەوێ سەرکەوتو نابێت ئەگەر کۆدەنگییەکی ڕاستەقینە لە نێوان پێکهاتەکانیدا دروست نەکات بەبێ هیچ وەدەرنان و پەراوێزخستنێک، وەک لە دەستور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە.

3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.