نها نیوز – هەواڵەکان
شاندی دەم پارتی سەبارەت بە دووبارە سەردانیکردنیان بۆ ئیمرالی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندنی کراو وتویەتی،"کارەکانمان لەسەر پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبێت".
دوای ئەوەی دوێنێ شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی کردەوە کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا، پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، و کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ڕایگەیاندووە، ئەم پرۆسەیە ژیانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەمووان بنیات دەنێت.
شاندی دەم پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بۆ ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێر لە کۆبونەوەدا بوون و ئەمڕۆش ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە.
ڕاگەیاندراوی شاندەکە سەبارەت بە دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان دەڵێن، "وەک لیژنەی ئیمرالیی دەم پارتی، لە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، لە دوورگەی ئیمرالی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا".
دەشڵێت،"لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە ئاگرە بە ئازارەکەی بۆڵوو گیانیان لەدەستدا و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست".
ئاشکرایانکردووە، تێکۆشانی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەم قۆناغ بەردەوامە و دوای تەواوبوونی ئامادەکاریی پەیوەندیدار بەم بابەتە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕای گشتیی و کۆمەڵگا بڵاودەکرێتەوە.
دەشڵێن، وەک لیژنەکە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و هەر کاتێک پێشکەوتن ڕووبدات، ڕای گشتیی و کۆمەڵگا ئاگادار دەکەنەوە.
لە کۆتایدا دەڵێن، ئەم قۆناغە بۆ هەموو کەس و بۆ هەموومان ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت.
بۆیە هیوا دەخوازن بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکان و داوای بەشداریی بەنرخ لە هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا دەکەن.