فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوای جوتیارێکی سنوری سلێمانی دەکەوێتو دووجار دەیکات بەئامانج
نها نیوز – هەواڵەکان
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەدوای جوتیارێک دەکەوێت و دووجار بەئامانجی دەگرێت.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی لە نوسینێكدا چیرۆكی كردنە ئامانجی ئەو جوتیارەی لەلایەن درۆنی توركییەوە، لە باخەكەی خۆیدا، خستەڕوو دەڵێت "حسێن ئەحمەد عەبدوڵای تەمەن 50 ساڵ، خەڵکی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتییە لە قەزای ماوەت. حسێن لە سلێمانی دەژیت و بۆ کاری باخەوانی و جوتیاری جار جار سەردانی گوندەکەی دەکات و هەوڵی بەدەستهێنانی نان و دابینکردنی بژێوی ژیانی دەدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەدا، حسێن بۆ کاری جوتیاری، بە ئۆتۆمبێلەکەی کەلە جۆری نیسان - پیکاپ 2002ە، روودەکاتە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵە و دەستدەکات بە سماق بڕین. کات دەگاتە نزیک کاتژمێر 03:15 خولەکی دوانیوەڕۆ، حسێن گوێی لەدەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێت کە زۆر بە نزمی بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە.ئەمە وایلێدەکات کە بترسێت و بەزوویی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی. کاتێک ئۆتۆمبێلەکە دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکتر دەبێتەوە. حسێن بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و ڕادەکات. هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆمبێک ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و شوێنی دانیشتنی شۆفێر لە ئۆتۆمبێلدا دەپێکێت.
هاوکات حسێن دەڵێت "ئەگەر تەنیا 10 چرکە دواکەوتبام لە هاتنە دەرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە، ئەوا بێگومان ئێستا نەمابووم و هەپروون بە هەپروون دەبووم".
هەر لە نوسراوەکەییدا کامەران عوسمان دەڵێت "ئەو جوتیارە دڵنیا دەبێتەوە کە ئەم ئامانجە و کەسیش نییە بیپارێزێت تەنیا زیرەکی خۆی نەبێت لەخۆ حەشاردان و پەنا بردنەبەر شوێنێکی سەلامەت.
وتوشیەتی "حسێن بە گاگۆڵکێ و خۆ خلۆرکردنەوە، خۆی دەگەیەنێتە شیوێکی پێش گوند. لەوێدا خۆی گرمۆڵە دەکات بۆئەوەی نەکەوێتە بەر لێنزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و بە ئامانج نەگیرێت. لە خەیاڵی ئەوەدابوو، کە ئەگەر بە ئامانجبگیرێت دەبێت دواتر دەوڵەتی تورکیا چ تۆمەتێکی بۆ دابتاشێت و بەچی تاوانباری بکات، لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەنزیک شوێنی حسێن بۆردوومانی دووەمی کرد. ئەمجارەش حسێن بەرنەکەوت و وەکو خۆی دەڵێت "رۆژی دوایی نەهات!". ئەمە وایلێدەکات کەلە شیوەکەدا زیاتر خۆی بشارێتەوە و تاوەکو دونیا بەتەواوی تاریک دەبێت نەیەتە دەرەوە".
رونیشکراوەتەوە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنەوەی حسێن دەکات تاوەکو بەئامانجیبگرێت. دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکەکە نامێنێت، حسێن بە ڕاکردن و بێ ئاوڕدانەوە خۆی دەکات بە گونددا و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابوو حسێن پێکراوە و گیانی لەدەستداوە".
لە کۆتایی نوسینەکەی ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی راشیگەیاندووە "سوپای تورکیا، بەمەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان و ئاوارەبوونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جوتیار، ئاژەڵدار و هاووڵاتییانی سەرسنور بە ئامانجدەگرێت.
|