وردەکاری گیان لەدەستدانی ژنێک بەهۆی نەشتەرگەری دەرهێنانی چەورییەوە ئاشکرابوو
نها نیوز - هەواڵەکان
ژنێکی تەمەن 41 ساڵ لە سلێمانی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوریی لەیەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، لە سلێمانی ژنێک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوریی گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە.
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو ژنەیە بە میدیاکانی وتووە "ئەو نەشتەرگەرییەی کە بۆ ئەو ژنە ئەنجام دراوە نەشتەرگەریی راکێشانی چەوری بووە کە دەچێتە چوارچێوەی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە و ماوەی هەشت کاتژمێر ئەو ژنە لە ژووری نەشتەرگەریی بووە".
وتوشیەتی "لەدوای ئەو هەشت کاتژمێرە دوای ئەوەی هاتووەتە دەرەوە، ماوەی 15 خولەک تەندروستی باش بووە، دواتر دۆخی تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە".
هەر بەپێی وتەی کەسوکاری ژنە کۆچکردووەکە "سکاڵامان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە و دەستگیرکراوە، لەئێستادا پۆلیس دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە".
هاوکات زانیارییەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە "ئەو ژنە پێشتر هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵ بووە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە".
|