دڵشاد میرانی بۆ نها: رۆژی یەکشەممە بایکۆتی دەوامی خوێندن دەستپێدەکەینەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
لە رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیانکرد، بەڵام بەهۆی تاقیکردنەوەی خولی یەکەم بایکۆت شکێندرا، بەگوێرەی وتەی دڵشاد میرانی مامۆستای ناڕازی "رۆژی یەکشەممە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم کۆتایی دێت و دووبارە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکەینەوە".
دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە دووبارە بایکۆتکردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی وت "لەکۆتایی وەرزی یەکەم کە رۆژی یەکشەممەیە تاقیکردنەوەکان کۆتایی دێت و بایکۆتی پڕۆسەی پەروەردە و زۆرێک لە وەزارەتەکانی دیکە دەستپێدەکات، تاوەکو مووچەی مانگی 12 و تەوتین جێبەجێدەکرێت، واتە وەرزی دووەم بایکۆتە".
میرانی ئاماژە بەچوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دەکات و دەڵێت "ناڕەزایەتییەکان خۆی لەچەند تەوەرێک دەبینێتەوە، گرنگترینیان تەوتینکردنە و پێدانی مووچەی مانگی 12یە، وە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست، لەگەڵ گەڕانەوەی دوو هەزار و 630 مامۆستای وانەبێژ کە لابرابوون لە مامۆستایەتی و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو پڕۆسەی پەروەردە".
لەبارەی بەوادەی سەردانیکردنیان بۆ بەغدا بۆ پرسی تەوتینکردن، ئەو مامۆستا ناڕازییە ئەوەشی بۆ نها ئاشکرا کرد و راگەیاند "سەرەتای هەفتەی ئایندە لیژنەیەکمان پێکهناوە لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی و سەردانی بەغدا دەکەن، لەوێدا لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە بۆ فشارکردن لەسەر پڕۆسەی تەوتینکردن".
|