کوردستان

مەزڵوم عەبدی هۆشداریەکی مەترسیدار دەدات

نها نیوز – هەواڵەکان

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپەکاندا روو لە زیادبوونە و جموجۆڵی رێکخراوەکە بەگشتی زیادیکردووە و هەوڵی شکاندنی زیندانییەکان گروپەکەیان دەدەن.
 
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە سەنی بەریتانی" رایگەیاندووە "نەک تەنیا داعش، بەڵکو مەترسیی گرووپە جیهادییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو بنەمایانەی لەسەری دروستکراون تێکدەشکێندرێن هەر بۆیە پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام بین".

عەبدی ئاشکراشیکرد "داعش هێشتا مەترسییەکی جددیە لەسەر هەموو جیهان، نەک تەنیا سوریا. هێشتا نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی (هۆل و رۆژ)ـدان".
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدەدان، ئەمریکا دوو هەزاریانی بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێن کردووە.

بەوتەی فەرماندەی گشتی هەسەدە "پلانێکی شکاندنی زیندانێکیان شکستپێهێناوە و زانیاریی هەواڵگرییان هەیە داعش دەیەوێت ئەندام و چەکدارەکانی رزگار بکات. ئەو جەختی لەوەش کردووەتەوە، "داعش هێشتا دەیەوێت، یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی زیندانەکان، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی تیرۆر لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەشیدا".
 
مەزڵوم عەبدی دەشڵێت "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و زیندانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جوڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین".
 
لە وتەکانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداری دەدات لەوەی "پێشتر چەند چەکدارێکی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستیان هەڵاتوون و چوونەتە ناو سوپای نیشتمانیی سوریا و دەستەی تەحریر شام، ئەو گرووپانە دەکرێت زیندانییە داعشەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئازاد بکەن، بیانبەنە ریزەکانی خۆیانەوە و پلەی سەربازییان پێبدەن".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدی ئاماژەی بەوەشداوە "ئەوان (دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سوریا) دەیانەوێت هەمان شت لەم ناوچەیەش (کەمپ و زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) بکەن. کاتێک باسی زیندانێکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکەن، ناڵێن ئەوانە چەکداری داعشن، بەڵکو دەڵێن ئەوانە زیندانین. ئەوان هەوڵدەدەن بڵێن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چەکدارانی داعش و زیندانییەکانی دیکە نییە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمەدا هیچ زیندانییەک نییە، ئەوەی هەیە چەکداری داعشن.

هاوکات، بە پێویستی دەزانێت، بە زووترین کات چەکدارەکانی داعش و خێزانەکانیان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان. ئەمە دوای ئەوەی لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا دادگایی دەکرێن و قوربانییەکانیش مافی خۆیان وەردەگرنەوە. ئەوەشی نەشاردەوە کە رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا هەیە کە وەکو پێویست کاریان بۆ ئەو پرسە نەکردووە.
  
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای لە واشنتۆن کرد، هاوکارییان بکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بۆئەوەی بتوانن داهاتووی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و کەمینەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵیان فەراهەم بکەن، هەروەها وتیشی "دەزانین بارودۆخێکی نوێ لە سوریا هەیە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەو راستیە نوێیەدا دەکەین. پێویستە سوریا یەکگرتوو بێت و هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، سوریا نابێت دابەشبکرێت و پێویستە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو بێت".
 
ناوبراو ئەوەشی خستە روو، ئەمریکا هاوکاریانە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا، دەستەی تەحریری شام و سوپای نیشتمانی سوریا، بۆئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن لەپێناو داهاتووی سوریا دا.
 
جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا گوشار بۆ وەستاندنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و تورکیا بکەن.
 
20کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.