شارەزایەکی هەڵبژاردن بۆ نها: هێرۆ عەتار ئەگەر کۆمەڵی دادگەری سکاڵای لەسەر بکات بێبەش دەبێت لە کورسی سەربەخۆ
نها نیوز - هەواڵەکان
مشتومڕ لەسەر سویندخواردنی کاندیدێکی کۆمەڵی دادگەری بەناوی "هێرۆ عەتار" کە دژی یاسای حزبەکەی لە پەرلەمان ئەنجامیدا هەرای نایەوە، نها نیوز بۆ دڵنیابوون لەوەی کورسی ئەو کاندیدە لە داهاتوودا چی لێدێت و ئایا دەبێت بە کورسی سەربەخۆ زانیاری دەخاتە روو.
د. سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران و هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە سوێنخواردنی "هێرۆ عەتار" و هەڵگەڕانەوەی لە حزبەکەی بە نها نیوزی وت "پێش هەموو شتێک کاتێک کە دەنگ دەدرێت لە لیستێکی نیمچەکراوە دەنگ بە لیستەکە دەدرێت ئینجا بە کاندید، ئەم دەنگانەی خاتوو هێرۆ جارێ دەنگی لیستە ئینجا هی خۆیەتی. کۆمەڵ دەتوانێت ئیجرائات بکات یەکێک لەوانە لە کۆمسیۆن سکاڵا لەو کاندیدە بکات، چونکە دەنگەکە هی ئەو لیستەیە و ئەو کاندیدە "ئیستغلال"ی کردووە دواتر کۆمسیۆن بەپێی یاسا و رێکارەکان و رێنماییەکانی، ئیجرائاتی لەگەڵ دەکات".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو کاندیدە هەڵگەڕاوەی کۆمەڵی دادگەری دەتوانێت وەکو کورسی سەربەخۆ لە دانیشتنی پەرلەمان بەشدار ببێت؟ د. سەعید کاکەیی ئاشکرایکرد "بەڵی دەتوانێت، تائەوکاتەی لە بڕگەیەکی یاسایی بچەسپێت و بسەلمێنرێت کە ئەم دەنگانە هی کۆمەڵە، پێشتریش بینیومانە چونکە بڕگەیەکی یاسای لە هەرێمدا نییە پەرلەمانتار ناچار بکات بەوەی کە سوێندی یاسایی نەخوات یان حزب دەنگەکانی خۆی لە پەرلەمانتارێکی لادەر بسڕێتەوە، چونکە بڕگەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نییە ئەوە ئەستەمە".
لەبارەی ئەوەی ئەگەر حزبی کۆمەڵ سکاڵاکەی سەرکەوتوبێت، پۆستی "هێرۆ عەتار" چیلێدێت؟ ئەندامەکەی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆ نها رونیکردەوە "لەبەر ئەوەی کۆمسیۆنی عێراق ئەم هەڵبژاردنەی کردووە و کۆمەڵ تانەی لەو بڕیارەی هێرۆ عەتار داوە، ئەوکاتەیە ناتوانێت تەنانەن وەکو کاندیدێکی سەربەخۆش بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات".
وتیشی "بەڵام ئەگەر لایەنە زۆرینەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دامەزرا ئەوکاتە قسەی ئەوان یەکلایی دەبێتەوە و دەبێتە یاسا، کە بووبە یاسا کۆمەڵ هیچی پێناکرێت".
|