کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی میسر کۆبووەوە

نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە باڵیۆز مەحمود فاروق عامر، کونسوڵی گشتیی نوێی میسر لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەممە (12/11/2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی میسر کرد و ئامادەیی خۆی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی دەربڕی بۆ هەرجۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتی میسر و هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە بە پەرۆش بووە بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و روونیشی کردەوە کە لەم قۆناغەشدا هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین و بەهێزترین پەیوەندییە لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ وڵاتی میسر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر کە خزمەتی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر لە بوارەکانی کلتور و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کرا. هەردوولا هاوڕابوون دەرفەتی زۆر باش هەیە کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەر سێ بوارەکەدا و پێویستە بەپێی پلانی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش کار بکرێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەهەر سێ بوارەکەدا.
2024-11-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.