گۆڕان: هەر وەزیرێک بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات پەیوەندیی پێمانەوە نامێنێت
نها نیوز – هەواڵەکان
بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا رایدەگەیەنێت "هەر وەزیرێک، بە هەر بیانو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت".
دەقی راگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بەم شێوەیەیە:
دوابەدوای، بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان؛ دەرخەری ڕاستی و دروستی ئەم هەڵوێستەیە، کە خەڵک دەیەوێت و خەڵکیش خاوەندارێتی دەکات.
هاوکات، بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین، کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسیی، پێنجیان پابەندیان بە بڕیاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی.
بە پێچەوانەوە، هەر وەزیرێک، بە هەر بیانو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت .
بزوتنەوەی گۆڕان
١٣ی ١٠ی ٢٠٢٤
|