کوردستان

دانا عەبدولکەریم: دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید به‌ نایاسایی كراوه‌ته‌ رێكخه‌ری نوێی گۆڕان

نها نیوز – هەواڵەکان
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ پشكی گۆڕان رایگه‌یاند، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید "به‌ نایاسایی كراوه‌ته‌ رێكخه‌ری نوێی گۆڕان".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "هه‌مووان ده‌زانن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانیی به‌ست و دواتر هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕان ده‌سیتپێكرد، كه‌ راسپارده‌ی كۆنفرانس بوو ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئێمه‌ 26 مه‌كۆمان هه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌رجه‌میان ئه‌نجامدرا و باژێڕه‌وان دانراوه‌، واتا باژێڕه‌وانه‌كان دیاریكراون".

دەشڵێت "دواتر سێ كه‌س به‌ نوێنه‌رایه‌تی ره‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون و كه‌سێكیش كراوه‌ته‌ نوێنه‌ری ژنان، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی جڤاتی گشتی هه‌ڵبژێردرا ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بووه‌ 31 كه‌س و به‌پێی ده‌ستوری گۆڕان مسته‌فا سه‌ید قادر ده‌بێته‌ ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و سه‌رجه‌میان ده‌بنه‌ 32 ئه‌ندام".

دانا عەبدولکەریم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "به‌پێی ده‌ستوری ناوخۆی گۆڕان پێویسته‌ جڤاتی نیشتیمانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و رێكخه‌ری گشتی هه‌ڵبژێرن، له‌ رابردوودا ژوری هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی خانه‌ و رێكخه‌ر رۆژی هه‌ڵبژاردنی دیاریكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌ كه‌ ئێستا له‌ شوێنێكی دیكه‌ن پڕۆسه‌كه‌یان په‌كخست، كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ 7ی 9ی ئه‌ندامانی خانه‌ و رێكخه‌ری هه‌ڵبژێردرانایه‌".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، هه‌مووان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون كه‌ دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بكرێته‌ رێكخه‌ری گشتیی گۆڕان، به‌ڵام به‌پێی رێكاره‌ ده‌ستورییه‌كان، نه‌ك به‌ شێوازێكی ناده‌ستوری و نایاسایی، ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌كانیش له‌و وه‌كاله‌ته‌ نایاسییه‌وه‌ ته‌قییه‌وه‌ كه‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی بۆ دانا ئه‌حمه‌د مه‌جیدی كرده‌وه‌.

دانا عه‌بدولكه‌ریم لە کۆنگرەکەدا وتیشی "جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر بڕیارێك بدات 100% پابه‌ندم پێوه‌ی و هیچ كه‌سێكی دیكه‌ مافی بڕیاردانی نییه‌، له‌ رۆژی 9ی 10ی 2024 كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كراوه‌ به‌ناوی جڤاتی نیشتیمانییه‌وه‌ و كه‌ ئه‌و برایانەمان رێكیان خستووه‌ و شوێنێكیان كردووه‌ به‌ مه‌كۆ بۆ خۆیان، دوو بڕیاریانداوه‌، هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌ پوچه‌ڵن و كاریان پێناكرێت".

رونیشیكرده‌وه‌ "له‌ كۆنفرانسی نیشتیمانی كه‌ مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ به‌سترا یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ كشانه‌وه‌ی گۆڕان بوو له‌ حكومه‌ت، من له‌به‌رده‌م هه‌زار ئه‌ندامی كۆنفرانسدا پێمڕاگه‌یاندن كه‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بڕیار ده‌ده‌ن گۆڕان له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌ من یه‌كه‌م كه‌سم و 100% پابه‌ند ده‌بم پێوه‌ی، به‌ڵام ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ ئێستا بانگه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ ده‌كه‌ن پێشنیاریان هێنایه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌یه‌كی بۆ دروستبكرێت و دواتر بڕیاری لێبدرێت".

ئەمەش پاش ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا، دانا ئەحمەد مەجید، کە وەک رێکخەری نوێی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ناسێندرا، کشانەوەی بزوتنەوەکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی راگەیاند.
 
2024-10-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.