کوردستان

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا کرد


نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سێس مۆڵتن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی ( ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و تیایدا چەند گەورە راوێژکاری سیاسی و سەربازی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی کۆنگرێس و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد کە ئەنجامەکەی رەنگدانەوەی خواست و ئیرادەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.
وەفدەکەی ئەمریکا هیوایان خواست لە دوای هەڵبژاردنەکان، بە خێرایی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت و حکومەتی داهاتووش حکومەتێکی کارا و یەکگرتووتربێت تا بتوانێت لەلایەکەوە بە شێوەیەکی باشتر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەرەوەپێش ببات و لەلایەکی دیکەشەوە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و خێرا جێبەجێ بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە بەردەوامی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ هاوکاریکردنی ‌هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق بە پێویست زانی.
2024-10-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.