قوباد تاڵەبانی لەبەرژەوەندی ئەم توێژە سێ ملیار دیناری خەرجکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆردی وەرزش و لیژنەی باڵای وەرزشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دیناری بۆ خزمەتکردنی کەرتی وەرزشی کوردستان تەرخان کرد.
ئەو بڕە پارەیە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستیی بۆ یاریگاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک تەرخان دەکرێت.
بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، ئەو بودجەیە بۆ 31 پڕۆژە تەرخان کراوە، ژمارەیەک یاریگا نۆژەن دەکرێنەوە و چەند یاریگەیەکیش دروست دەکرێن و پێداویستییەکانی چەند یاریگایەکی دیکەش دابین دەکرێت.
بەم هەنگاوە بەشێکی زۆر لە کێشەو کەموکورتیەکان لە ژێرخانی وەرزش چارەسەردەبن، بۆ ئەوەی یانەکان و تیپە میللیەکان بتوانن لە سنورەکانی خۆیان پەرە بەتواناکانیان بدەن.
هەروەها قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیە بۆردی وەرزشی راسپارد کاری زیاتر لەسەر بەپیشەکردنی وەرزش بۆ وەزشوانان و وەبەرهێنان لەکەرتی وەرزش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و پڕۆژەی پێشکەش کردن کە لەقۆناغی ئێستا و داهاتوو چۆن کاری لەسەر بکەن.
|