نها نیوز - هەواڵەکان
میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەى ئەجێندای کۆبوونەوەکە، تەیف سامی و شاندەکەی داواى رادەستکردنى تەواوى داهاتە نانەوتییەکان لە حکومەتى کاربەڕێکەر دەکات. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "هەردوو حکومەت زۆر بەجددی کاریان بۆ چارەسەریی کێشەکان کردووە".
بەگوێرەی ئەو ئەجندایەی میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەر تەواوى بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى حکومەتى ناوەندیى بکات لەگەڵ ئەمانەدا:
- جێبهجێكردنی بڕیاری ژمارە 13ـی ساڵی 2019ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لهسهرجهم دەروازە سنورییەکان بەبێ جیاوازی.
- ناساندن و یهكخستنی باجی گومرگی لە هەموو دەروازەکان بەبێ جیاوازی و رسوماتی گومرگی لە پڕۆژە پیشەسازییەکان وەربگیرێت.
- پاکتاوکردنی قەرزی نەختینەیی بانکەکان کەلە ساڵی 2014 لەلایەن هەرێمی کوردستان بەکارهێندراوە.
- گەڕاندنەوەی بڕی 118.2 ملیار دیناری پارەی فۆرمی خۆراک بۆ ساڵەکانی 2004 تا 2021.
- گەڕاندنەوەى شایستە داراییەکانى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق لەلایەن هەرێمى کوردستان دەکرێت کە بڕەکەى 47.9 ملیار دینارە لە ساڵى 2014.
لای خۆیهوه سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە ئاشکرای دەکات "وەزیری دارایی یەکەمجارە سەردانی هەولێر دەکات، ئەو سەردانە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوو حکومەت زۆر بەجددی کاریان بۆ چارەسەریی کێشەکان کردووە".
وتیشی "پرسی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرهەم و گەنمی جوتیاران و كێڵگه پەلەوەرییهكان و سامانی ئاژەڵ، کێشەی بازرگانی لە تۆماری کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق، هەروەها شایستەی زیندانییە سیاسییەکان و کەمئەندامان و بیمەی کۆمەڵایەتیی، لهو پرسانهن كه له كۆبونهوهكانی ههردوو ئهنجومهن تاوتوێ دهكرێن.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا نوسیویەتی "سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم ئەو دۆسیانە دروستبوون کە پەیوەندییان بەبەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتییانی عێراقەوە هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 7ـی ئەیلوولی 2024 شاندێکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و بەشداری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ کرا.
هاوکات کۆبوونەوەى ئەمجارەى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بەگوێرەى دەستوور دەستپێبکات.
جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری خۆی لە 12 ئەندام دەبینێتەوە، دیارترینیان بریتین لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یاریدەدەری سەرۆک وەزیران و هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە و محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی بەغدا و تەیف سامی، وەزیری دارایی و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لەگەڵ حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران.