کوردستان

یەکێتی لەسەر ئەم پۆستە هێرشی توند دەکاتەسەر پارتی

نها نیوز – هەواڵەکان

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی لەبارەی پرسی ئیدارەی کەرکوک و نەینەوا رایدەگەیەنێت، پاش تێپەربوونی نزیکەی (٢٠) ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵە و بێبەشکردنی یەکێتی لە نەینەوا، پارتی دەیەوێت دووبارە هەمان سیاسەت بۆ کەرکوکیش بەکاربهێنێت و هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە.
 
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (پرسی ئیدارەی کەرکوک و نەینەوا لەنێوان کێشە و چارەسەردا) دەڵێت "پارتی لەدوای تێپەربوونی نزیکەی (٢٠) ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵەدا و بێبەشکردنی یەکێتی لە پشکی خۆی، هێشتا دەیەوێ هەمان سیاسەتی نەینەوا لە کەرکوک پەیڕەو بکات، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە، کە هەلومەرجی ئێستا جیاوازە و هیچ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ ناکات دوو کورسی بڕیار لەسەر چارەنووسی شەش کورسی بدەن.

وتیشی "هەلومەرجی ئێستا جیاوازە، چونکە راستە یەکێتی چاوی لە پشكی هیچ هێزو پێکهاتەیەک نییە، بەڵام ئامادەش نییە، دەستبەرداری مافی دەنگدەرانی خۆی ببێت.
 
نێروەیی لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژە بەوەش دەکات "ئەم هەوڵانەی پارتی نەک نابێتە هۆی بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لەو دوو پارێزگایە، بەڵکو ناوماڵی کورد زیاتر پەرتەوازە دەبێت و خودی پارتیش پێگەی جارانی نامێنێت لە کەرکوک و نەینەوا، ناوبراو دەشڵێت "هەروەک زەمینەش بۆ پێکهاتەکانی دیکە دەڕەخسێنێت کە لەسەر حسابی کورد هەندێ لایەن داوای پشکی زیاتر لە مافی خۆیان بکەن.
 
2024-07-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.