نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، پاش تێپەڕبوونی 45 ڕۆژ، دوێنی کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بوو لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو بڕە گەنمەی وەرگیراوە لە سایلۆکانی هەرێم، نزیکەی 15 هەزار لە بڕى دیاریکراو کەمترە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ئاماری وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمى کوردستانى بڵاوکردەوە و دەڵێت "پاش تێپەڕبوونی 45 ڕۆژ دوێنی کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بوو لە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت، لەو ماوەیەدا لە هەرسێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک لە کۆی 700 هەزار تۆنى دیاریکراو، بڕی 685 هەزار تۆن و 975 کیلۆ گەنمان لە جوتیاران وەرگرتووە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە بڕى گەنمى وەرگیراو لە جوتیارانى هەرێم بەمشێوەیەیە:-
1- لە پارێزگای سلێمانی بڕی 277 هەزار تۆن و 469 کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.
2- لە پارێزگای هەولێر بڕی 222 هەزار تۆن و 160 کیلۆ گەنم وەرگیراوە.
3- لە پارێزگای دهۆکیش بڕی 186 هەزار تۆن و 356 کیلۆ گەنم وەرگیراوە.
باس لەوەشکراوە "بڕی ئەو پارەی وەک شایستەی جوتیاران ماوە بریتیە لە (515) ملیار دینار. چاوەرێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن بەغداوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان و پاش تەواو کردنی ڕێکارە ئیداریەکان بەسەر جوتیاراندا دابەش بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، دەبوو بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەڵام ئەو بڕەی ئێستا وەرگیراوە لە سایلۆکانی هەرێم نزیکەی 15 هەزار لە بڕى دیاریکراو کەمترە و بەوهۆیەشەوە ڕۆژی ڕابردوو جوتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر گردبوونەوە و داوایان کرد گەنمەکانیان لێ وەربگیرێت.