کوردستان

ئێستا گەیشت.. یەکێتی و پارتی لە کەرکوک شوێن بەیەکتر لێژ دەکەن

نها نیوز - هەواڵەکان

وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت: ناکرێت یەکێتی خاوەنی شەش کورسییە، لە ئەنجامی کودەتا و پاڵپشتی ئیقلیمی بێ بەش بکرێت لە ئیدارەی کەرکوک، وە ناکرێت چوار پێنج کورسی کۆببنەوە و یەکێتی وەلا نێن، لەبەرامبەردا بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت "یەکێتی ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئامادە نەکردووە و لەگەڵ خەز عەلی و زەید و عوبێد خەریکی پیلانگێڕییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "بۆ لە بابەتی کەرکوک، دوو کورسی پارتی زیاتر بێت لە شەش کورسی یەکێتی. کورد 50%ـی کورسییەکانی کەرکوکی هێناوە و کەواتە کەرکوک شارێکی کوردستانییە، دەبێت پارێزگارێکی کورد دابنرێت.

پیرە دەشڵێت "ناکرێت یەکێتی خاوەنی شەش کورسییە، لە ئەنجامی کودەتا و پاڵپشتی ئیقلیمی بێ بەش بکرێت لە ئیدارەی کەرکوک، بۆیە کەرکوک بێ یەکێتی سەقامگیر نابێت. ناکرێت چوار پێنج کورسی کۆببنەوە و یەکێتی کە خاوەنی پێنج کورسییە وەلا نێن.

هەر سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم پۆستی کەرکوک و پارێزگارەکەی، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت "یەکێتی لە بری ئامادەکردنی ناو، لەگەڵ قەیس خەز عەلی و زەید و عوبێد خەریکی پیلانگێڕی بوو.

رۆژی 4ی شوباتی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی راگەیەندراوی ئەوکاتی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.


لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی بەرەی تورکمانی جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنیان ئەنجامداوە و پێکەوە خاوەنی چوار کورسین، بەڵام ڕەخنە لە عەرەبی سوننە دەگرن کە یەکگرتوو نین و نەبوونەتە بەشێک لە ڕێککەوتنەکەیان.

سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی لەگەڵ بەرەی تورکمانی، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ئاشکرای دەکات "گفتوگۆمان هەیە، بەڵام رێککەوتنی کۆنکرێتیمان نییە، دەبێت عەرەب و کوردیش هەمووی بێنە ناو رێککەوتنەکانەوە. یەکێتی خۆی دەڕوات لەگەڵ عەرەبی بەسراوی ڕێکدەکەوێت، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ عەرەبی کەرکوک بۆ ئێمە بە حەرام دەزانێت.

لای خۆشیەوە کاوێز مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی بە میدیاکانی راگەیاند "بۆ ئەوەی یەکێتی کە زیاتر لە 150 هەزار دەنگی کوردی شارەکەی هێناوە بشکێنی، دەبێت بە سەرپەرشتی کوردی شارەکە بڕۆی بۆ باوەشلێدان بە عەرەبی راکانی و بەرەی تورکمانی، چەند ساڵێکە بە ئیمکانیەتی گەورە، بە سینارێوی دەزگا هەواڵگرییەکان، بە پشتیوانی میدیایی ئاڕاستەکراو، و بە توانا و وزەکانی حکومەتی هەرێم کار بۆ ئەوە دەکرێت کورد و یەکێتی لە کەرکوک بشکێنن، چەند ساڵە هەوڵ هەیە و بێ ئاکام بووە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێنج کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی، عەرەبی سوننە شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.
2024-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.