پارتی زەنگی هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیان لەم ناوچەیە لێدەدەن و لەوبارەیەوە سکاڵا تۆمار دەکەن
نها نیوز – هەواڵەکان
بۆ هەڵوەشاندنەوەى دابەشکردنى پۆستە ئیدارییەکانى پارێزگاى نەینەوا، پارتى لە دادگاى فیدراڵى سکاڵا تۆماردەکات و سەرچاوەیەک لە لقى نەینەواى ئەو حیزبە دەڵێت "زیاتر لە 20 پۆستى ئیدارى نەینەوا لە حزبەکەمان وەرگیراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە لقى نەینەواى پارتى دیموکراتی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند "لەماوەى 24 کاتژمێردا زیاتر لە 20 پۆستى ئیداریى نەینەوا لە حیزبەکەم وەرگیراوەتەوە، ئەوەش قبوڵنەکراوە و لایەنەکان پێشێلى رێککەوتنەکانیان کردووە.
سەرچاوەکە زیاتر ئاشکرا دەکات و وتی "پارتی دیموكراتی كوردستان، سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەش سكاڵامان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركردووە و ئێستا ئێمە ئۆپۆزسیۆنین.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو میدیایە، هێشتا فەرمانى کارگێڕى بۆ سەرۆکى ئەو یەکە ئیدارییانە دەرنەچووە کە هەفتەى رابردوو پۆستى قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەیان پێدرا، پارێزگارى موسڵیش واژۆى لەسەر دەستبەکاربوونیان نەکردووە و پێیگوتوون "لە نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە راسپێدراوە بۆ ماوەیەک فەرمانى کارگێڕیى دەستبەکاربوونیان دوابخرێت.
هاوکات بژاردەیەکیش هەیە جارێکیدیکە و لە رێگەى پێشکەشکردنى سیڤییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت و پۆستى یەکە ئیدارییەکان بگۆڕێت کە پارتی بەم بژاردەیە رازییە.
سەرەتای ئەم مانگە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ئامادەبوونی زیاتر لە نیوەی ئەندامەكانی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قائیمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لەوكاتەشەوە فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانیی نەینەوا "موەحەدە" كە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ناڕازین و ئەندامێتییان لە ئەنجوومەن هەڵپەساردووە.
|