نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەڵێت "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 100 هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە.
ئەمڕۆ شەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند "سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕوومان بوونەوە، بەڵام هیچ کات درێغیمان نەکردووە لە پشتیوانیی هیچ پرۆژەیەک، بە پرۆژەی داراییشەوە کە پاڵپشت بێت بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنیان.
وەزیری ناوخۆی هەرێم دەشڵێت "هەوڵ هەن لە هەرێمی كوردستان بۆ نائومێدكردنی گەنجان، دەبێت ئێوە زیرەکانە و هۆشیارانەتر ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببنەوە.
رێبەر ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "ڕاستە کەموکوڕی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت خۆتان ڕادەستی ئەو شەپۆلانە بکەن کە دەیانەوێت کوردستانتان لا ناشرین بکەن.
لەبارەی هەلی كار و سەقامگیریی لە هەرێمی كوردستان، ناوبراو وتی "سەقامگیری، هەلی کار و دەرفەتی پێشکەوتن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە زۆر لە شارەكانی وڵاتانی ناوچەکە باشترە.
وتیشی "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 100 هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە.