یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن بەتوندی هێرشدەکاتەسەر پارتی و پێی دەڵێت "دۆڕاو"
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، "پارتی ناچاركرا بە دۆڕاوی بەشداری هەڵبژاردن بكات و ئەوەی داوایكرد بۆی جێبەجێنەكرا و لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەترسا".
ئاراس محەمەد ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت "لە مێژبوو یەكێتی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی شەفاف و دوور لە دەستوەردانی حزبی و ساختەكاری دەكرد و هاوكات داواشی دەكرد هەمواری ئەو یاسایە بكرێت كە بەبێ هەڵبژاردن پارتی بكاتە خاوەنی 11 كورسی پەرلەمان، بەڵام پارتی هەمیشە ڕێگربوو لە هەوڵەكانی یەكێتی و بۆخۆی نەیدەویست هەڵبژردن بەڕێوەبچێت، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرد.
ئاراس ئاغا ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو كە پارتی لە هەڵبژاردن دەترسێت و نایەوێت بەچاوی خۆی سەركەوتنەكانی یەكێتی ببینێت كە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەدەستی دەهێنێت، چونكە ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەدەچێت لەلایەن كۆمسیۆنی بالای هەڵبژردنەكانی عێراق سەرپەرشتی دەكرێت ئەوەش بەدڵی پارتی نییە و ڕێگەی پێنادرێت ساختەكاری ئەنجام بدات، وەك ئەوەی لە كەركوك و موسڵ بینیمان یەكێتی چ سەركەوتنێكی بەدەستهێنان لەدواین هەڵبژردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
بەوتەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لەئێستادا كە لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكی پارتی ناچاركراوە بەشداری بكات لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
ناوبراو جارێكی دیكە دۆڕانی پارتی دووپاتدەكاتەوە و دەڵێت "ئەو بیانووانەی كە پارتی هەیبوو بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن هیچی جێبەجێنەكراو و دواجار ناچاركرا بێتەوە ناو پرۆسەكە بەڵام بەدۆڕاوی".
ئ.ز
|