وەفدێكی یەكێتیی سەردانی کونسوڵخانەی ئێران دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەفدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنچ شەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە یاوەری رێباز بێركۆتی ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە و دكتۆر رێبوار و نیار عوزێری سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد، هاوکات لەلایەن نەسروڵڵا رەشنوودی کونسوڵی گشتیی ئێران و دیبلۆماتكارانی کونسوڵخانەوە پێشوازییان لێکرا.
سەعدی پیرە لە سەردانەکەیدا وتویەتی "بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی مەقامی موعەزەمی رەهبەری و سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و خانەوادەی كۆچكردوان و گەلی ئێران دەكەین بە بۆنەی رووداوی دڵتەزێنی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری بەڕێز ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆمار و هاوڕێكانی و گیان لەدەستدانیان".
لەبەرامبەردا کونسوڵی گشتیی ئێران، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ بەشداری و هاوخەمی سەرۆکی دەربڕی.
ئ.ز
|