کوردستان

لەبارەی هەڵبژاردنەوە پارتی بەتوندی وەڵامی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەداتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات، کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق پەکی دەکەوێت، دەشڵێت "چونکە لایەنێکی دەرەکی دەیەوێت بە دیزاینکردنێکی ساختە و نەخشە بۆکێشراوی پێشوەختە، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی لایەنێک ساغبکاتەوە".

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن بە میدیای حزبەکەی دەڵێت "پارتی هەڵوێستی خۆی لە بەیاننامەکەیدا ڕاگەیاند، هەڵوێستەکەی تەنیا هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو ڕاستکردنەوەی تێکرای پرۆسەی سیاسیی عێراقە. ڕێگریگرتنە لەوەی کە عێراق بەرەو مەرکەزیەت بچێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵە و ڕێزگرتنی دەستوورە لەگەڵ بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕێزگرتنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەوتەی بڵند ئیسماعیل، نیگەرانییەکانی پارتی ئەوەیە کە لایەنێکی دەرەکی دەیەوێت بە دیزاینکردنێکی ساختە و نەخشە بۆکێشراوی پێشوەختە، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی لایەنێک ساغ بکاتەوە، تاوەکو بتوانێت ئەم هێزە بە ئاسانی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. وتیشی "لەماوەی ساڵانی ڕابردوو هەندێک لایەن زۆر فشاری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ئاسایشیان خستە سەر هەرێمی کوردستان، پارتی و حکومەتی هەرێمیش، تاوەکو پلانەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام نەیانتوانی".

ئەندامەکەی کۆمیتەی پارتی لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا "ئێستە ئەو لایەنانە دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەم پلانە جێبەجێ بکەن و کێشەی سیاسی لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنە ساغ بکەنەوە. بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بڕیارەکانی خۆیان بەو لایەنە جێبەجێ بکەن. ئەمە هەڵویستی پارتییە بەگشتی نەک تەنیا لەسەر هەڵبژاردن، بەڵکو لەسەر تێکڕای پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراقە، کەسانی عاقڵ ئیرادەی پارتی و بارزانی دەزانن و تێدەگەن شوێن و پێگە و هێزی پارتی چەندە.

لە درێژەی قسەکانیدا بڵند ئیسماعیل ئاشکراشیکرد "ئەگەر پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات، کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق پەکی دەکەوێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت نیگەرانییەکانی پارتی بڕەوێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەمساڵدا بکرێت.

ئ.ز
 
2024-04-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.