هەرچەندە پێشتر دەنگۆی دابەشکردنی موچەی مانگی سێ بڵاوکرایەوە، بەڵام هێشتا دابەشکردنی موچەی مانگی دوو تەواو نەبووە، نهانیوز بەدواداچوونی وردی بۆ ئەو بابەتە کردووە..
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە نهانیوزی ڕاگەیاند، لیستی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی سێ ڕەوانەی بەغدا کراوە و لیستەکە بە دوو شێوە ئامادەکراوە، یەکەمیان بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە، لیستی دووەمیش هاوشێوەی لیستی موچەی مانگی دووە.
هونەر جەمال باسی لەوەشکرد، هێشتا زووە باس لە دابەشکردنی موچەی مانگی سێ بکرێت.
لەبارەی ئەوەی کەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەستپێدەکات؟ دارا سێکانیان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە نها نیوزی وت "ئەگەر هەرێم لیستەکەی ناردبێت، دوای ئەوەی وردبینی لە لیستەکە تەواو بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئەوکاتە بەدڵنیایەوە حکومەتی عێراقی پارە دەنێرێت بۆ موچەی مانگی سێی فەرمانبەران، بەڵام ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو مانگی شوبات دابەشکردنەکە دوادەخات یاخود یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکات پێم وایە ئەوە لای حکومەتی هەرێمە".
ئەمڕۆ سێشەممە لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار کرا، هێشتا لە هەرێمی کوردستان دابەشکردنی موچەی مانگی دوو تەواو نەبووە ئەوە جگە لەوەی هێشتا بەغدا پارەی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
یاسین تەها، نوسەر و چاودێری سیاسی لە نوسینێکدا دەڵێت، بەر لە سەردانی پێشووی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ نیویۆرك لە ساڵی ڕابردوو، بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ سەردانەكە بڕیاری خەرجكردنی سێ مانگ قەرزی بۆ هەرێمی كوردستان دابوو؛ دەشێت ئاسانكاریی لەم شێوەیەیش بۆ ئەم سەردانەی ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا ئەنجام دەدرێت دووبارە ببێتەوە و سوودانی و تیمەكەی خوازیاری ئەوە نین لە واشنتۆن دووچاری ڕەخنە و گازندە ببنەوە لەسەر درێژەكێشانی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی نهانیوز، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێی شیکردنەوەیەکی دادگای فیدراڵیی عێراقە بۆ ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی پرسی تەوتین، بۆئەوەی ئاخۆ هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بە لیست موچە بۆ هەرێم بنێردرێت یاخود نا.