بەبێ بەشداری پارتی یەکشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی کاندید و حزبەکان دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
هەرچەندە پارتی دەڵێت لەگەڵ هەڵبژاردنن بەڵام وادەی وەرگرتی لیستی کاندیدان کۆتایی هات و لیستیان پێشکەشنەکرد، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی کاندید و حزب و هاوپەیمانێتیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، بڕیارە ئەنجومەنی کۆمسیاران رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی کاندید و حزب و هاوپەیمانێتییەکان بکات.
جومانە ئاماژەی بەوەشکرد "تیروپشکەکە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای سەرەکیی کۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت، سەرجەم میدیاکاران و ئەو کەسانەی ئەم پرۆسەیەیان بەلاوە گرنگە دەتوانن ئامادەبن.
سەبارەت بە شێوازی ئەنجامدانی تیروپشکەکە، وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق وتی "تیروپشکەکە بە شێوەی ئاشکرا و بە دەستی دەبێت، لە رێگەی تۆپی بچووکەوە، ژمارەکانیش لە ژمارە 100ەوە دەستپێدەکەن.
ئ.ز
|