ئێواران یان شەوانە پێڵاو بکڕە
نها نیوز - هەواڵەکان
هەڵبژاردنی پێڵاو یەکێکە لەو شتانەی راستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستییەوە، لەبەرئەوەی پێڵاو کاردەکاتە سەر تەندروستیی پێیەکان و پشت. بەگشتی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی پێ دەڵێن واباشە ساڵانە لانیکەم جارێک پێڵاوەکان بگۆڕێن.
پێڵاوی تەسک دەکرێت هۆکاربێت بۆ هەوکردنی پێیەکان، ناڕێکیی ئێسکەکان و تەنانەت گرفتەکانی ئەژنۆ و پشتیش. لەوانەیە ئەم رێنماییە سەیربێت، بەڵام گرنگە. لە کۆتایی رۆژەکەدا، بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر بەپێوە دەوەستن یان دەڕۆن، قاچیان بەراورد بە بەیانیان پانتردەبێت. بۆیە ئەگەر شەوانە پێڵاو بکڕدرێت، قەبارەیەکی گونجاوتر و ئاسوودەتر هەڵدەبژێررێت.
هاوکات ئەستووریی گۆرەوییەکانت کاردەکاتە سەر گونجاویی پێڵاوەکانت. کە چوویت بۆ پێڵاوکڕین، گۆرەوییەک لەپێبکە کە ئەستوورییەی هاوشێوەی ئەو گۆرەوییانە بێت کە بەردەوام لەپێیاندەکەیت. هەروەها خۆت بەدووربگرە لەو گۆرەوییانەی %100 لۆکەن، چونکە کە شێداربوون ئاسان وشکنابنەوە و دەبنەهۆی بڵقی قاچ.
هەروەها لەکاتی کڕیندا، پێڵاوەکە بنووشتێنەوە بۆئەوەی بزانیت نەرمە یان نا. نەرمیی پێڵاو گرنگە بۆ جووڵەی تەندروستی پێیەکانت.
جگە لەوانەش پێویستە، لانیکەم بەقەدەر پانیی پەنجەیەک بۆشایی لەنێوان درێژترین پەنجەت و نوکی پێڵاوەکەت هەبێت. چونکە لە کەشی گەرمدا پەنجەکانت زیاتر دەکشێن.
|