تەندروستی

هۆشداریی لە زۆر بەکارهێنانی پاراسیتامۆل دەدرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی میرۆر، تیمێکی پسپۆڕی پزیشکی هۆشدارییان لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پاراسیتامۆڵ دا.

سەرئێشە درێغی لە کەس ناکات، زۆر کەس کە سەریان دێشێت، حەبێک یان دوو حەب بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە، دەخۆن؛ بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەری دەخات بەکارهێنانی ئەم دەرمانە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسیی تووشبوون بە کۆمەڵێک کێشەی تەندروستیی، لەوانەش برینی گەدە، سستبوونی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە.

توێژینەوەکە لە زانکۆی نۆتینگام کراوە، توێژەران کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی بەردەوامی پاراسیتامۆڵیان لەسەر کەسانی بەساڵاچوو پشکنیوە، هەروەها داتای توێژینەوەی پراکتیکی کلینیکی، بۆ کۆمەڵێک بەشداربووی تەمەن 65ساڵ و 75 شیی کردەوە.

توێژینەوەکە، 180 هەزار و 483 کەسی تێدا بەشدار بووە و چەندان جار  وەک چارەسەر پاراسیتامۆڵیان بۆ نووسراوە، هاوکات بەراورد کراون لەگەڵ 402 هەزار و 478 کەس لە هەمان گرووپی تەمەن، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی ئەو دەرمانە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە "سەرەڕای ناوبانگی پاراسیتامۆڵ وەک چارەسەرێکی سەلامەت، بەڵام توێژینەوەکە دەریخستووە پەیوەندیی بە کۆمەڵێک نەخۆشیی سەختەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی سنورداری ئازارشکێنەکەی".

پرۆفیسۆر وییا ژانگ، لە سەنتەری توێژینەوەی بایۆپزیشکی لە پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی تەندروستیی دەڵێت: هەرچەندە پاراسیتامۆڵ لای زۆر کەس بە دەرمانێکی ئازار شکێن دادەنرێت، بەڵام وەک یەکەم دەرمان دەستنیشان کراوە بۆ نەخۆشی پووکانەوەی ئێسک، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بەساڵاچوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامی توێژینەوەکانمان پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو دەرمانە، بەڵام کاریگەری کەمکردنەوەی ئازار لە حەپی پاراسیتامۆڵدا کەمە.

لای خۆشیەوە دکتۆر جیرارد سینۆڤیچ، ڕاوێژکاری ئازار لە کۆمپانیای ئەلتەرنیف دەڵێت "دەرمانی ئازارشکێنی پاراسیتامۆڵ چارەسەرێکی باوە، بەڵام نابێت بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژ لەسەر یەک بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاربهێنرێت".

زیاتری رونکردەوە "هۆشیاری سەبارەت بە کاریگەرییە تەندروستییەکان کەمە، دووبارە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە ئازارشکێنانە دەبنە هۆی نەخۆشیی تر،هەر لە لەکارکەوتنی جگەرەوە تا تێکچوونی گورچیلە و کێشەی هەناسەدان، کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایەنەکان، کەسەکە وێران دەکات.
2024-12-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.