یەكەم حاڵەتی تووشبووی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئەمەریكا تۆماركرا
نها نیوز – هەواڵەکان
لە ئەمەریكا یەكەمین حاڵەتی خراپی تووشبووی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە تۆماركرا و نەخۆشەكە خراوەتە ژێر چاودێری چڕەوە.
سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستنی نەخۆشییەكان لە ئەمەریكا ئاشکرایکرد "لە ویلایەتی لویزیانا توشبوویەكی ئەنفلۆنزای باڵندە بەهۆی دۆخی خراپییەوە گەیەنرایە نەخۆشخانە".
جگە لەوە، لە رۆژانی رابردوو 61 حاڵەتی توشبووی دیكەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئەمەریكا تۆمار كرابوو، بەڵام ئەمە یەكەمجارە دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە خراپ بێت و پێویستی بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە هەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تووشبووەكە پیاوێكە بەهۆی دەستكاریكردنی باڵندەیەكی مردوو لە حەوشەی ماڵەكەی توشی ئەنفلۆنزای باڵندە بووە.
سەنتەرەکە دەشڵێت "دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی، دڵنیا بووینەتەوە لەوەی كە پیاوەكە تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە (H5N1) بووە".
جێی ئاماژەیە، ئەنفلۆنزای باڵندە پەتایەكی ڤایرۆسی مەترسیدارە لە باڵندەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكە لە مرۆڤدا دەگاتە 60%.، سەبارەت بە نیشانەکانیش (تا و لەرز، ئازاری ماسولكە، سەرئێشە، كۆكە و قورگ ئێشە، پەسیو، هەناسەتوندی و سووربوونەوەی چاو).
|