تەندروستی

بۆ رووبەڕوبوونەوەی كۆلێرا؛ لە سلێمانی تیمێكی خۆپاراستنی تەندروستی پێكهێندرا

نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تیمێكی كارایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا و بڵاوكردنەوەی رێنمایی تەندروستی بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتییان لە پەتاكە پێكهێناوە.

دكتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمێكی كارایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا و بڵاوكردنەوەی رێنمایی تەندروستی بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتییان لە پەتاكە پێكهێناوە و وەک خۆی دەڵێت "ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی راگەیەندرابوون، هەموویان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە و تەندروستییان جێگیرە".

وتیشی، پێشوەخت پلانیان داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە و لیژنەیان دروستکردووە، کە زیاتر لە 200 پزیشک و کارمەندیان تایبەت کردووە بەو پرسە.

دکتۆر رزگار عەلی باس لەوەش دەکات، چەند بڕیارێکیان دەرکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە کە ئەمانەن:
1- بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە سلێمانی و شارەکانی دیکە و رەنگە 40٪ی هاوڵاتیان بێئاو بن، بەوهۆیەوە پەنا دەبەنە بەر کڕینی ئاو، کە هەندێک لە تانکەرەکانی فرۆشتنی ئاو رێگەپێدراو نین و ئاو لە چەم و زۆنگاو و گۆمەکان دەهێنن، بەتایبەت لە دەوروبەری چەمەکانی وەک قلیاسان، تانجەرۆ، چەقش، چەقچەق و سەرچنار. کە ئەمانە سەرجەمیان پیسن و تێکەڵ بە ئاوەڕۆ دەبن و قەدەغەن ئاویان لێبهێنرێت، چونکە ئاو تەنها دەبێت لە شوێنە فەرمییەکانەوە بهێنرێت.
2- لەمڕۆوە بەکارهێنانی سەوزە لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەیە، چونکە ژمارەیەک لە کێڵگەکانی سەوزە بە ئاوی قورس و ئاوەڕۆ ئاودەدرێن، داواش لە هاوڵاتیان دەکەن، میوە و سەوزەی نەشۆراوە نەخۆن.
3- پێویستە هاوڵاتییان تاوەکو دەتوانن سەوزە بەتایبەت سەوزە لوولەکانی وەک کاهوو کەلەرم و کەوەر بەکارنەهێنن، واتا ئەو سەوزانەی لوولیان خواردووە بە دەوری یەکدا و پێچ و پەنا لە گەڵاکانیاندا دروست بووە، یان لەکاتی بەکارهێنانیدا دەبێت گەڵا بە گەڵا بکرێنەوە و جوان بشۆردرێنەوە بە پەرمەنگەنات یان بە کلۆری تایبەت کە لە بنکە تەندروستییەکاندا دەدرێتە هاوڵاتییان، یان نیو کاتژمێر لە خوێدا دابنرێن و دواتر لە بەکارهێنانی هەر یەک لەو هۆکاری شۆردنەوانەدا ئاوی زۆریان پێدا بکرێت.
4- پێویستە هاوڵاتیان لەکاتی کڕینی ئاودا دڵنیابن لەوەی ئەو تەنکەرانە لە کوێ ئاو دەهێنن، بەوەی دەبێت تانکەرەکە رەنگی سپی بێت و ناوی خاوەن تانکەر و ژمارەی تەلەفۆنەکەی لەسەر بێت و لیی نووسرابێت ئەم ئاوە بەکاردێت بۆ خواردنەوە.
5- پێویستە هاوڵاتیان گرنگی بدەن بە پاکوخاوێنی خۆیان و خواردنەکانیان، دەستیان بەر لە نانخواردن و دوای نانخواردن بشۆن، دەست نەدەن لە ئاژەڵی بێلانە و شتی پیس، هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ پاکوخاوێنی.
 
2024-08-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.