تەندروستی

عێراق لەبارەی ئاوڵەی مەیمونەوە هەرێم ئاگادار دەکاتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی تەندروستیی عێراق وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق، لەبارەی ئاوڵەی مەیموون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنەبەر.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسراوێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هاوپێچی نووسراوەکەی کردووە، تێیدا باری لەناکاوی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ڕاگەیاندووە، وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی.

تەندروستیی عێراق لە نووسراوەکەدا، جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکان دەکاتەوە و داوایان لێدەکات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

هاوکات، د.سەرکار سوورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دەڵێت "نووسراوەکەمان بەدەست گەیشتووە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان دەبێت و ناوەڕۆکی نووسراوەکە و گرتنەبەری ڕێککارەکان تاوتوێ دەکەین و بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین".

ئاوڵەی مه‌یمون، نه‌خۆشیه‌كی ڤایرۆسیی گوازراوه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌، به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاسته‌وخۆشه‌وه‌ له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌. خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە 13 وڵات، وای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانی ڕابگەیەنێت.
 
2024-08-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.