| خواردنێکی دەریایی سەدان کەس نەخۆش دەخات
                              نها نیوز – هەواڵەکان 
خواردنی مارماسى لە یەکێک لە مارکێتە گەورەکانى ژاپۆن کە یەکێکە لە ژەمە هاوینەکانى ئەو وڵاتە، تائێستا بووەتە هۆى گیانلەدەستدانى کەسێک و نەخۆشکەوتنى 140 کەسى دیکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ژاپۆن، لە یەکیک لە مارکێتە گەورەکانی ئەو وڵاتە بەشێکى زۆر لە کڕیاران بەهۆى خواردنى مارماسیی مارکێتەکەوە توشى سکچوون و رشانەوە بوون، بۆ ئەمەش خاوەنی مارکێتەکە داوای لێبوردنی لە هاوڵاتییان کردووە.
 
خاوەنی مارکێتەکە بە میدیاکانى وڵاتەکەى وتووە "یەکێک لەو کەسانەى ئەو ماسییەى خواردووە و تەمەنى لە سەروو 80 ساڵییەوە بووە، گیانى لەدەستداوە.
 
میدیاکانى ژاپۆن ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە دەرکەوتووە ماسییەکان جۆرێک بەکتریایان پێوەبووە کە بە "ئاوریۆس" ناسراوە و هەر ئەوەش هۆکارى نەخۆشکەوتنە بەکۆمەڵەکە بووە.
 
مارماسی، یەکێکە لەو خواردنە دەریاییانەی لە زۆرینەى وڵاتانى جیهان و بەتایبەت وڵاتە ئاسیاییەکان، خواستێکی زۆری لەسەرە، بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، لە ژاپۆن هەزاران ساڵە دەخورێت.
   |