هەمەڕەنگ

ئەزانی "یەڵدا" چییە؟

نها نیوز – هەواڵەکان

شەوی یەڵدا بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت دەكەوێتە كۆتا رۆژی وەرزی پاييز و چوونە ناو یەكەم رۆژی زستانەوە، شەوی 20 لەسەر 21ی كانوونی یەكەم روودەدات، ئەو میللەتانەی مەڕاسیمی شەوی یەڵدا ئەنجامدەدەن پشت بە ئەفسانەی لەدایكبوون یان نوێبوونەوەی خۆر دەبەستن.

شەوی یەڵدا یان شەوی چلە یەكێكە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و كۆنەكانی كوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەكانی هیند و ئاری و نەتەوەكانی تری میزۆپۆتامیا، لەشەوی یەڵدا بەدواوە درێژایی شەو كەم دەبێت و رۆژەكان درێژتر دەبنەوە.

كە لەم شەوەدا خێزانەكان لە دەوری سفرەیەك كۆدەبنەوە كە بەچەندین خواردن، خواردنەوە، میوە، شیرینی و چەرەزات رازێندراوەتەوە، كۆدەبنەوە بەتایبەت هەنار، گوێز، ترێ، مێووژ، هەنجیری وشك، چا و شیرینی، بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا خواردن و خواردنەوەی دیكەش ئامادە دەكرێن، هەروەها لەم شەوەدا ئاگر یان مۆم دادەگیرسێندرێت بۆ رازاندنەوەی سفرە و خوانەكان.

لەلای ئاینی زەردەشتی خەڵك لەو شەوەدا لەلای یەك كۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕكێ شەونخونیان دەكێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لەلای زەردەشتیەكان بە "مەیزەد" ناسرابوو، چەرەسەكەش پێی دەوترا "لۆرك".

لە نەزرگە و پەرستگەكانی میترایی نزا دەكرا بۆ سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێیدەوترا "نی یەد".

بەپێی شارەزایانی زمان، وشەی (یەڵدا) لە زمانی سریانی دا بەواتەی لەدایكبوون دێت و بەپێی هەندێك لە سەرچاوە سریانیەكان (مەسیح) لەو شەوەدا لەدایكبووە، هەندێكی دیكە دەڵێن وشەی یەڵدا بەمانای (سەركەوتن)ی رۆژ دێت بەسەر تاریكیدا و بەشێكیش بە كودەتای سروشت ناویدێنن.

دەگوترێت لە ئاینی زەردەشتی دا كە بەمانای لەدایكبوونەوەی خۆر دێت، واتە لە دایكبوونەوەی میترای خواوەندی خێرە و كۆتایی هاتنە بە ئەهریمەن خواوەندی شەڕ و خراپە.

شەوی یەڵدا بە (هەڵگەڕانەوەی زستان) ناسراوە، كە شەو و كورت دەبێت و رۆژ درێژ دەبێت، لەڕووە زانستییەكەیەوە كاتێك روودەدات، كە خۆر دەكەوێتە گەورەترین خاڵی سەر هێڵی ناوەڕاستی زەوی، بەپێی رۆژ ژمێری زاینیش شەوی یەڵدا هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەی باكوری زەوی هەموو ساڵێك 20 لەسەر 21ی كانوونی یەكەم روودەدات.

زۆرێك لە شاعیران "شەوی یەڵدا" لە هۆنراوەكانیان رەنگ داوەتەوە بۆتە هەوێنی شعرەكانیان، چونكە شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵە شاعیرانیش هەریەكە و بەشێوەیەك باس لەو شەو دەكەن، لەهەمانكاتدا چەندین گۆرانیبێژ هۆنراوەكانیان كردوونەتە گۆرانی.

شاعیری گەورەی كورد نالی دەڵێت:
شەوی یەڵـدایە یا دەیجوورە ئەم شەو؟ كە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەم شەو
دڵم وەك حاكمی مەعزوولە قــوربان خەڵاتی وەسلی تۆی مەنزوورە ئەم شەو

 
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.