ناوەکانی بارانبارین بەپێی جۆر و بڕیان بزانە
                        
                        
                             
                         
                             نها نیوز - هەمەڕەنگ 
لە کوردیدا بارانەکان بەپێی جۆر و بڕیان، ناوى تایبەت بە خۆیان هەیە، لێرەدا نها نیوز چەند جۆرتان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەمانەی خوارەوەن. 
 
گەنەباران: ئەو بارانە کەمانەیە که لە وەرزى پاییز و لەپێش پەڵەدا دەبارن. 
 
بارانى سەرپەڵە: ئەوە بارانەیە لەسەر وەختى سەرپەڵەدا دەبارێت. 
 
نمەباران: بارانێکە بە بڕى کەم و نەرمنەرم دەبارێت. 
 
نەرمەباران: بارانێکە بۆ ماوەیەکى زۆر بە نەرمى دەبارێت. 
 
لێزمەباران: بارانێکى زۆرە و بەخوڕ دەبارێت؛ بەجۆرێکە ڕیگەى بانگێڕان و کارى ئاژەڵدارى نادات. 
 
ڕەهێڵەباران: بارانێکى بەهێزە؛ دڵۆپەکەى گەورەیە و لە ماوەیەکى کەمدا دەبێتە هۆى دروستبوونى لافاو. 
 
ڕێژنەباران: بارانێکى لەنێوان نەرمە باران و لێزەمەدا، زیاتر لە وەرزى بەهاردایە. 
 
شەستەباران: بارانێکى بەهێزە زیاتر لە وەرزى بەهاردا دەبارێت. کورد دەڵێت: بارانەکە شەستە دەکات. واتە: بەهێز دەبارێت. 
 
بارانى بەخورزم: بارانێکى بەهێزە خرمە و زرمەی لە سەربانى گڵ هەڵدەسێنێ. 
 
ڕشێنەباران: بارانێکە زەوى ئاوڕشێن دەکات و بڕەکەى زۆر نییە. 
 
تاوەباران: تاوێک باران، بارانى بەتاو: بارانێکە تاوێک دەبارێت و کاتەکەى درێژ نییە، بڕەکەى لە نێوان مامناوەند و زۆردایە. 
 
باوباران، باوبۆران، باران بەباوە: باران بە با و ڕەشەباوە. کورد دەڵێت: چ با بێت، چ باران، هەر لە بەفر کەم دەبێتەوە. 
 
زريان: بارانێکى تێکەڵ بە بەفرە و سەرما و باى لەگەڵدایە، بە جۆرێکە سەر لە ڕێبوار دەشێوێنێت و ئەگەری ڕەقبوونەوەى هەیە. 
 
بەفر و باران: بارینى بەفر و باران بەتێکەڵییه. 
 
بەهارەباران: بارانى بەهارانە، کورد دەڵێت: ئەگەر بەهار بارانى هەبێت، کشتوکاڵەکە باش دەبێت. 
 
بەختەباران: ئەو بارانەیە لە کۆتایی بەهار و مانگى پێنجدا دەبارێت، زۆربەى ساڵەکە کەمە و بارینى بەبەختە. 
 
بارانبڕان: مانگى شەش و کۆتایی بەهارە و باران بارینى دەبڕێتەوە. 
 
                            
                            
                            
                            
                        
       
   
    
    
        
   
   
        
 
        
 
 |