هەمەڕەنگ

هەفتەی داهاتوو دیاریدەیەکی گەردونی دروستدەبێت و زەوی دەبێتە خاوەنی دوو مانگ

نها نیوز – هەواڵەکان

بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی زانایانی گەردوونناس، رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە هەسارەی زەوی دەبێت بە خاوەنی مانگێکی تر بەهۆی ئەوەی هەسارۆکەیەک دەکەوێتە سەر خولگەکەی و بە دەوریدا دەسوڕێتەوە.

ئەو تەنە، بریتییە لە ئەسترۆیدێک (هەسارۆکەیەک) کە فراوانییەکەی نزیکەی 10 مەترە و قەبارەکەی هاوتایە لەگەڵ قەبارەی پاسێک. زانایان دەڵێن هەسارۆکەکە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر زەوی نییە و لەنێوان 29-9-2024 بۆ 25-11-2024 لە شێوەی ناڵ بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە.

ئەو کەسانەی کە بەپەرۆشن بۆ بینینی ئەم دیاردە گەردوونییە پێویستە پەنا ببەن بۆ ئامێری تێلسکۆبی پێشکەوتوو. بەداخەوە بەهۆی بچووکی تەنەکە و دووریەکەی لە زەوییەوە، چاوی مرۆڤ ناتوانێت بیبینێت.

هەسارۆکەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ناسا بۆ بەردەکانی واڵایی لە ئاسمانی ئەفریقای باشور دۆزرایەوە و بە ئەسترۆیدی PT5 2024 ناسێندرا. سیستەمەکەی ناسا شەوانە بۆ چەندینجار ئاسمانی زەوی دەپشکنێت بۆ دیاریکردنی جوڵەی تەنەکان و ئاگادارکردنەوەمان لەهەر تەنێک و جوڵەیەکی نامۆ.

دوای دۆزینەوەی هەسارۆکەکە، زانایان لە زانکۆی کۆمپلوتێنسی مەدرید لە ئیسپانیا بۆ ماوەی 21 رۆژ چاودێرییان کرد و توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ئەسترۆیدەکە لە خولگەی زەوی و ئاراستەی جوڵەکەی لە گەردووندا.

بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیە، دوای 25-11-2024 هەسارۆکەکە خولگەی زەوی جێدەهێلێت و هەتا ساڵی 2055 ناگەڕێتەوە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

 
2024-09-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.