وەرزش

ئایا زێدان ده‌بێته‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا؟


سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فره‌نسا له‌ ئێستاوه‌ زینه‌دین زێدان بۆ شوێنگره‌وه‌ی دیدییه‌ دیشامپی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا به‌ربژێر ده‌كات.

پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا، لێدوانێكی (نۆیل لی گره‌یت)ـی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فره‌نسای بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ دوای دیشامپ ده‌یانه‌وێت زینه‌دین زێدان بكه‌نه‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یان.

زینه‌دین زێدان ساڵی رابردوو كاتێك وازی له‌ ریال مه‌درید هێنا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی فره‌نسا نزیكبووه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ كاری له‌گه‌ڵ ده‌كردن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو وه‌ك راهێنه‌ر گه‌ڕایه‌وه‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

دیشامپ وه‌ك یاریزان هاوشانی زینه‌دین زێدان مۆندیالی 1998ـیان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا برده‌وه‌، وه‌ك راهێنه‌ریش وڵاته‌كه‌ی كرده‌ خاوه‌نی مۆندیالی 2018 و له‌ دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی 2022 گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی كۆتایی دێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌، لی گره‌یت سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فره‌نسا ده‌ڵێت: ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ دیشامپ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا نه‌ما، رۆژی دواتر زینه‌دین زێدان بۆ شوێنگره‌وه‌ی به‌ربژێر ده‌كه‌ین و ده‌بێته‌ باشترین كات بۆ ئه‌وه‌ی زێدان ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی وه‌ربگرێت.

زینه‌دین زێدانی ته‌مه‌ن 47 ساڵ، یه‌كه‌مین راهێنه‌ری فره‌نسییه‌ كه‌ نازناوی چامپیۆنزلیگی بردۆته‌وه‌، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له‌ هاوینی 2022 كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كاتی ته‌واوبوونی گرێبه‌سته‌كه‌ی دیشامپ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا.
2020-01-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.